یوسف محه‌مه‌د: واده‌كه‌ین په‌رله‌مان زیاتر چاودێر بێت به‌سه‌ر پرسی‌ وزه‌وه‌

یوسف محه‌مه‌د: واده‌كه‌ین په‌رله‌مان زیاتر چاودێر بێت به‌سه‌ر پرسی‌ وزه‌وه‌
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان هەوڵدەدات بەپێی یاسای نەوت و غاز سندووقی داهاتی نەوت دابمەزرێت بۆئەوەی بە نیشتمانی بكرێت.

یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانن لە دەستپێكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانتاران و سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر، رایگەیاند "پرسی وزە پرسێكی گرنگە، بۆیە بڕیارماندا دانیشتنەكە بە كراوەیی بهێڵینەوە". گوتیشی "حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان هەماهەنگ بووە بۆ خستنەڕووی پرسی وزە".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كە لە ئەمڕۆوە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاو دەنێت بۆ دامەزراندنی سندووقی داهاتی نەوت بۆ ئەوەی بە نیشتمانیی بكرێت". ئاماژەی بەوەشكرد كە هەموو لایەنەكان كۆدەنگییەكی نیشتمانییان لەسەر پرسی وزە هەیە.

یوسف محەممەد گوتی "پرسی وزە وایكردووە ببینە ئەسیری جوگرافیایەكی دیاریكراو بۆیە دەبێت راوێژ بكەین بزانین بزانرێت دەتوانرێت لەو جوگرافیایە دەرچین و سەربەخۆ بین یان دەبینە ئەسیری جوگرافیایەكی دیكە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی پێشتر پەرلەمانتاران ئاراستەیان كردبوو سەبارەت بە قەیرانی دارایی و پرسی بودجەو نەوت لەگەڵ شاندێكی حكومی چووە پەرلەمانی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی، جێگری راسپێردرا‌وی سەرۆكی حكومەت بۆ كابینەی هەشتەم و هەریەك لە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان و عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەعد خالید، رێكخەری پەرلەمان ‌و حكومەت یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەكەن.

جگە لەو شاندە، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی دانیشتنەكەی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك لیژنەكان دەبێت.







رووداو
Top