سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەڵمانیا دەكات
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 21ی ئایاری 2014 بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت، بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش (فەرەنسا، ئیتاڵیا و ڤاتیكان) ئەو وڵاتەنە بوون كە بارزانی سەردانیان دەكات.
بارزانی سەردانی ئەو وڵاتانەی كردو لە فەرەنسا لەگەڵ فرانسوا هۆلاند، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو لە ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی پیران و وەزیری دەرەوە كۆبووەو دوا وێستگەی سەردانەكەشی كە ڤاتیكان بوو، لەگەڵ پاپا فرانیس كۆبووەوە.
وێڕای تەواوبوونی گەشتەكەی و بەرنامە و ئەجێندای كارەكانی، بارزانی نەگەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانەشی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتووە، بارزانی چەند دیدارێكی دیكەی تایبەت ئەنجامدەدات.
رووداو ئەوەشی زانیوە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند پشكنینێكی ئاسایی پزیشكی دەچێتە ئەڵمانیا .
هەر بەپێی زانیارییەكان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای گەڕانەوەی، کە پێدەچێ ئەم هەفتەیە بگەڕێتەوە، لەگەڵ لێژنەی دانوستاندن، كە پێكهاتووە لە نوێنەری لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو ئەنجامی سەردانەكەی رووندەكاتەوە.
رووداو
