سەرۆكی ھەرێمی كوردستان : پەیامێک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنێرێت

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان : پەیامێک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنێرێت
مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی سی‌ونۆهەمین ساڵیادی دامەزاندنی یەکێتیی نێشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامانی یەکێتی کرد:



برایانم جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان


بە بۆنەی سی و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم. هیوادارم ئەو یادە ببێتە هاندەرێك بۆ یەكخستنی تواناكانمان لەپێناو بەهێزتركردنی سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵاتەكەمان و هەروەها پتەوتركردنی یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و پێشخستنی دۆزە ڕەواكەی.



خەبات و قوربانیدانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تر بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی ئێستای كوردستان بەرپرسیارێتییەكی گرنگ و مێژووی دەخاتە سەر شانی هەموو لایەكمان كە پێكەوە كار بۆ پاراستن و بەرەو پێشبردنی ئەزموونی سیاسی و حوكمڕانی و دابینكردنی ژیانێكی ئارام و ئاسوودە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بكەین. لەم قۆناغەدا كە تەحەدییات و دەرفەتی مەزن لەبەردەم گەلی كوردا هەن زیاتر لە هەر كاتێك ئەو چاوەڕوانییە لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە كە یەكڕیز و یەكدەنگ بن.



هەر لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی دەخوازم. هیوادارم بە زووترین كات بگەڕێتەوە ناومان.

هەر شاد و سەركەوتوو بن



مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

31ـی 5ـی 2014

Top