عومرە بە یەكجاری راگیرا

 عومرە بە یەكجاری راگیرا
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەمساڵ هیچ سەفەرێكی عومرە لە هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامنادرێت و مەرجی زۆریش بۆ ئەنجامدانی گەشتی حەج دانراوە.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی هەستیاربوونی رەوشەكە و مەترسی جدی بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان، رازی نەبوو بەوەی ئەمساڵ عومرە بكرێت و لە كۆبوونەوەی رۆژی رابردوو لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی تەندروستی، بڕیاری راگرتنی عومرەی ئەمساڵ بەیەكجاری درا."

مەریوان نەقشبەندی پێداگیری وەزارەتی تەندروستی لە راگیرانی عومرە، بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی سعویە گەڕاندەوە و گوتی، "وەزارەتی تەندروستی پێیوایە ئەو ڤایرۆسە بە بەربڵاوی بڵاوبووەتەوە و مەترسی جدی هەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان."

سەبارەت بە سەفەری حەج، مەریوان نەقشبەندی گوتی، "سەفەری حەج رانەگیراوە، بەڵام مەرجی زۆری بۆ دانراوە و ئەو كەسەی بۆ حەج دەڕوات پشكنینی تەواوی بۆ دەكرێت و نابێت هیچ نەخۆشییەكی هەبێت، منداڵ و بەساڵا چووان ناتوانن سەفەر بکەن واتە تەنها لە تەمەنی لە 12 بۆ 65 ساڵ رێگەپێدراوە و هیچ نەخۆشێک بە هەر جۆرە نەخۆشییەک وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دیکە رێگەیان پێنادرێت سەفەری حەج بکەن، لە رۆژی یەکشەممەوە بنکەکانی تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە دەکرێنەوە و دەبێت ئەو کەسانەی کە ناویان هاتووەتەوە و دەیانەوێت گەشتی حەج بکەن،سەردانی ئەو بنکانە بکەن و وەرەقەی پشکنینیان پێبێت."

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هاوکات گوتی، "ئەگەر ئەو ڤایرۆسە لەلایەن سعودیاوە کۆنتڕۆڵکرا و وەزارەتی تەندروستی دڵنیابوو لەوەی ئیتر مەترسی نابێت، پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەکەین".

ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكێكە لە هۆكارو تووشكەری مرۆڤ و گیانلەبەر بەنەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان كە زۆرجار ئەو ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر كۆئەندامی هەناسەدان و كۆئەندامی هەرس دەبێت، بە گوتەی شارەزایانی بواری مایكرۆبایۆلۆجی ئەوڤایرۆسە وەك نەخۆشییەك توشی منداڵ و گەورە دەبێت، ڤایرۆسەكە لەڕێگەی كۆكەو پژمین و هەواوە بڵاودەبێتەوە.








رووداو
Top