كارتی ئەلیكترۆنیی دەنگدان دابەشدەكرێتەوە
سیروان ئەحمەد رەشید، ئەندامی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو كارتە ئەلیكترۆنیانەی تایبەت بە دەنگدانی دەنگدەران كە لە كاتی دیاریكراودا وەریاننەگرتبوو و لە نووسینگەكانی كۆمیسیۆن مابوونەوە، گەڕێنراونەتەوە نووسینگەی نیشتمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان".
سیروان ئەحمەد گوتیشی: "هەوڵدەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا، لە دوای پەسەندكردنی براوەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو ئەنجامدرا، هەموو ئەو كارتە ئەلیكترۆنیانەی لەلایەن دەنگدەرانەوە وەرنەگیراونەتەوە لە رێگەی نووسینگەكانی كۆمیسیۆنەوە رادەستی دەنگدەران بكەین، هەروەها هەوڵدەدەین تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو ناوی هەموو دەنگدەران بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی تۆمار بكەین".
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدانی بە بەڵگەنامەیەكی فەرمی هاووڵاتیان ناساند، بەشێوەیەك دەكرێت بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان لە دامودەزگاكانی حكومەت پشتی پێببەسترێت.
رووداو
