نێچیرڤان بارزانی: بەجدیی بەدواداچوون بۆ كوشتنی دنیا دەكەین

 نێچیرڤان بارزانی: بەجدیی بەدواداچوون بۆ كوشتنی دنیا دەكەین
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی كوشتنی دنیای 15 ساڵ دەكات و سەرۆكی حكومەتیش جەختیشدەكاتەوە كە جدیی دەبن لە بەدواداچوونی ئەو رووداوە.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەی دا لەسەر قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و كێشەكانی هەولێرو بەغدا.

دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەنێو تەلاری پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوەو لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەت لەسەر كوشتنی دنیا سەلمان، ئەو ژنە 15 ساڵەی لە ناحیەی كەڵەكچی 24ی ئەم مانگە كوژرا، گوتی "بەتووندی ئیدانەی ئەو رووداوە دەكەین، كە زۆر دوورە لە نەریتی كوردایەتی، بۆیە بەجدیی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسەو پرسە هاوشێوەكانی دەكەین".

هەروەها یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كە ئەویش ئامادەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە بوو، گوتی "ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هەست بە شەرمەزاریی دەكەین كە لە هەرێمی كودستان ئەو كارانە بەرامبەر بە ئافرەتان دەكرێت".











رووداو
Top