جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات
عارف تەیفور جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لە سەر کوردستانی بوونی کەرکووک.



عارف تەیفور لە بەیاننامەیەك کە نووسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت: کاتیك كورد لە كەركوك هەشت كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی داهاتوو بەدەستهێناوەو لە بەرامبەردا عەرەب و توركمان هەر یەکەو دوو کورسیان بە دەست هێناوە، باشترین بەڵگەیە كە زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگای كەركوك كوردن و سەركەوتنی كوردیش لەو پرۆسە دیموكراسیە دا پەیامێكی ئاشكرایە بۆ هەمووان بە تایبەت ئەوانەی گومانیان هەیە لە كوردستانی بوونی كەركوك.



جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەکە دا داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دەکات، بەفەرمی دان بە کوردستانی بوونی کەرکوک دابنێن و کار بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکەن.



عارف تەیفور دەڵێت: ئەوە ئیستحقاقێكی مێژوویە تا کەرکوک ببێتە پارێزگای پێنجەمی هەرێمی کوردستان و کار بۆ گەڕاندنەوەی مافی شەرعی ئەو کورد و تورکمانان بکڕێت کە بە هۆی سیاسەتی گوڕینی دیمۆگراافی و بەعەرەبكردنی زۆرەملی ناوچە کوردستانییەکان لە لایەن رژێمی لەناوچوو تووشی زیان بوون.



جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند؛ گەڕانەوەی كەركوك بۆ باوەشی كوردستان، كێشەی ئەمنی پارێزگاكە چارەسەر دەكات وكەركوك شارێكی عێراقە بەناسنامەیەكی كوردستانی ونموونەی برایەتی وپێكەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێكهاتەكانی كورد وتوركمان وعەرەب و كلدان وسریان وئاشوریەكانە ومافەكانیان پارێزراوە بۆ ئەوەی بەئاشتی وئاسوودەیی بژین.
Top