خانەقین.. گروپێكی تیرۆریستی دەستگیركرا كە منداڵ و خزمی خۆیان ڕفاندووە و كوشتووە
بە پێی زانیارییەكان ئەو گروپە تیرۆریستییە کە ژنێكیشیان لە گەڵدایە، هەموویان خزمی یەكترن و ئامۆزا و خوشكەزای خۆیان دەڕفاند و دەکوشت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە جەلەولا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئێوارەی دوێنێ ئاگادار کراینەوە كچێكی تەمەن هەشت ساڵ بە ناوی "میدیا سەلاح خالدی" لە شارەدێی جەلەولا ڕفێندراوە، دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون شەوی رابردوو توانیمان کچەکە لە ماڵێ خاڵی لە سەعدییە بدۆزینەوەو دەركەوت خاڵی کچە ڕفێنراوەکە یەكێكە لە ئەندامانی ئەو گروپە تیرۆریستییە و بە ئاگاداری خوشككەی( دایكی كچە ڕفێنراوەکە) كە ئەویش ئەندامی گروپەكەیە، كچەكەیان رفاندووە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە بە پەیامنێری گووت: دایكی كچەكە بە براكەی گوتووە كچەكەم بڕفێنن بۆ ئەوەی پارە لە مێردەكەی خۆی و مێردی خوشكەكەی كە ئەویش منالێكی رفێندراوە وەرگرن و هاوكات خۆشیان وا پیشان بدەن كە ئەوانیش كچێكیان ڕفێندراوە.
بە گووتەی سەرچاوەی هەواڵەکە، دوای ئەوەی تۆمەتباری یەکەم دەستگیر کرا لە كاتی لێكۆڵینەوە دانی بەوە دانا كە ژمارەیەك كەسی دیكە وەک خوشكەكەی كە دایكی كچەكەیە و كەسێكی دیكە بە ناوی "عەمار عەلی عەبدولحەكیم"یان لە گەڵدایە کە ئەوانیش دەستگیركراون.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە رایگەیاند؛ ئەو تیرۆریستانە لە ماوەی رابردوودا دوو منداڵیان رفاندووە کە یەكێكیان بە ناوی "عومەر وەلید عەبدولحەكیم"ی 13 ساڵان ئامۆزای "عەمار" بووەو پاش رفاندنی ٤٠ هەزار دۆلاریان لە كەسوكارەكەی وەرگرتووە و دواتر كوشتوویانە.
خاڵی كچە رفێندراوەکە دانی بەوە داناوە كە خوشكەزایەكی دیكەی خۆی کە تەمەنی کەمتر لە دە ساڵ بووە بە ناوی "عومەر ماجد" ڕفاندووەو كوشتوویانە.
تاوانبارەکە شوێنی شاردنەوەی تەرمی دوو منداڵە كوژراوەکەی بۆ پۆلیس ئاشكرا كردووە كە لە شارەدێی سەعدییە ناشتبوویانن.
تیرۆریستەکان بە ڕەگەز عەرەب و توركمانن و خەڵكی سەعدییەن و ژنەكە ئێستا لە جەلەولا نیشتەجێیە.
