فەلاح مستەفا: هیوادارین ئەمریکا خۆی نەخاتە نێو ململانێکانی هەولێر و بەغدا

 فەلاح مستەفا: هیوادارین ئەمریکا خۆی نەخاتە نێو ململانێکانی هەولێر و بەغدا
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، رایگەیاند، "بڕیاری كورد بە دەستی كوردە"، هاوکات هیوادارە، "ئەمەریكا لە هاوكێشە سیاسییەكان تێبگات و خۆیان نەخەنە ناو ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداوە".

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی بە جیهان و بەغداشی گوتووە، "ئەگەر دەتانەوێ بمێنین و پێكەوە كاربكەین، ئەوا دەبێت پابەندبن بە دەستوورەوە، چونكە سەردەمی نكۆڵیكردن بەسەرچووە، كە لە ناوەندەوە بڕیار لەسەر هەموو شتێك بدرێت و ئاییندەی كوردستان بە دەست كەسانێك بێت، كە غەیری كورد بن".

فه‌لاح مسته‌فا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، " بڕیاری كورد بە دەستی كوردە و هیوادارین ئەمەریكا لە هاوكێشە سیاسییەكان تێبگات و خۆیان نەخەنە ناو ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لایەنگریی هیچ لایەنێك نەكەن، ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرن و لایەنگریی نەكەن پێمان باشترە، چونكە ئەوەی ئێمە دەیكەین لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و خەڵكی كوردستانە و ئێمە نابێت سەیری ئەوە بكەین كە كێ‌ پێمان بڵێت راست و كێ‌ پێمان بڵێ‌ هەڵەت كردووە".

فه‌لاح مسته‌فا، كە ئەندامی شاندەی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوروپا، دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا،‌ راگەیاندووە، "وڵاتانی ئەوروپایی بە شێوەیەك سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن، كە توانیویەتی بە سەركەوتوویی مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتدا بكات و هەرێمی كوردستان كە پێشتر نەیتوانیوە یەك قەترە نەوت دەربهێنێت، ئەمڕۆ توانیویەتی نەوت بەرهەمبهێنێت و هەناردەی بەندەرەكانی جیهانی بكات و ببێتە جێگای باوەڕی بازاڕی وزەی جیهانی".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتویەتی، "رێزمان هەیە بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەڵام ئەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان كردوویەتی لە چوارچێوەی بەبنەماگرتنی دەستوور و یاسا بووە، ناكرێت چی دی چاوەڕوان بین، دنیاش لەوە تێدەگات ئەو مافەمان هەیە".

بەرپرسی فەرمانگەی په‌یوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كاردانەوەكانی حكومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، "ئێمە یان هاوبەشی راستەقینە دەبین لە عێراق، یان دەبێت چاوەڕێی پەیوەندیی تازە بكەین لە نێوان هەولێر و بەغدا، یان دەبێت رێگایەكی دیكە بدۆزرێتەوە، یان پێویست ناكات بەشێك بین لە عێراق".




رووداو
Top