پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٣٠نیسان

پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٣٠نیسان
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٣٠نیسان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و لەبەشێکی پەیامەکە ھاتووە بێگومان ئەو پرۆسە دیموکراسیە وەک دەسکەوتێکی سیاسی، گرنگیی و تایبەتمەندیی و کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئێراق وناوچەکەدا.




رۆژی (٣٠ی نیسانی ٢٠١٤) ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرکەوتووانەش ئەو پرۆسەیە کۆتایی ھات ولە (١٩ و ٢٢/٥/٢٠١٤) ئەنجامەکان راگەیەنران، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلەکەمان و پارت ولایەنە سیاسیەکان دەکەین.

ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان، وێرای ھەوڵ و کۆششی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە ئامادەبوونی بەرپرسی ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەرێم(یونامی)و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و چەندین لایەن و رێکخراوی فەرمی و پیشەیی بیانی، بەشێوەیەکی رێکوپێک و شەفافانە و بە بەشداریکردنێکی بەرچاوی ھاووڵاتیانی دەنگدەر بەرێوەچوو.
بێگومان ئەو پرۆسە دیموکراسیە وەک دەسکەوتێکی سیاسی، گرنگیی و تایبەتمەندیی و کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئیراق وناوچەکەدا.
لەو ماوەیەی حوکمرانی ھەرێمدا پرۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردنی ئازادانە وەک مافێکی یاسایی دەستەبەرکراوە و بەمەش توانراوە پانتاییەکانی کاروچالاکی دیموکراسی بەرفراوانتر بکرێ و جەخت بکرێتەوە لەسەر تەبایی و برایەتی و پێکەوەژیانی برایانەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و پێکھاتە و یەکەئیتنیەکان بە جیاوازی بیروباوەری ئایینی وئایینزاییانەوە، ئەمەش لە ژیانی سیاسیماندا بایەخی خۆی ھەیەو پەیوەستە بە چارەنووسی گەلی کوردو ئایندەی ھەرێمی کوردستانەوە.
ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان وێرای پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیان و رۆڵە بەئەمەکەکانی گەلەکەمان دووپاتی دەکەینەوە کە ھەمیشە لەگەڵ پرۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردن داین بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکان و یەکلاکردنەوەی ململانەکان لەرێی سندووقەکانی ھەڵبژاردنەوە و بەوپەڕی گیانی بەرپرسیاریەتیەوەش بەدەنگ ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەوە دەچین و پەسەندی دەکەین و بەدەستکەوتێکی دیکەی گەلەکەمانی دادەنێین، گرنگترین پرسیش لەو قۆناخە ھەستیارەدا سەرکەوتنی پرۆسەکەو زیاتر ھەنگاونانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانمان.
لەو کاتەی کابینەی ھەشتەم پێکدەھێنرێ و بەرەو قۆناخێکی تازە و گرنگ ھەنگاو دەنێین پێویستە کارنامەی داھاتووشمان لەگەڵ ناوەند بەیەک دەنگ و سەنگ، ئاوا رێکبخەینەوە بە دانوستان و ھەماھەنگی لەگەڵ کوتلە و لایەنە سیاسیە براوەکانی دیکەی ئیراق بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئیراقی فیدراڵ، کە لە خزمەت و سوودی ھەرێم بێت و بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدانتر و ژیانی خەڵک باشتر بێت، لەپێناو یەکڕیزیی و سەقامگیریی سیاسی و چارەسەری یەکجارەکی کێشەکان بێت لەگەڵ بەغدا، ئەمەش بە داکۆکیکردن و سووربوون لەسەر بەدەستھێنانی ئیستیحقاقاتەکان و سەلماندن و سەندنەوەی تەواوی مافەکانمان بەپێی یاسا و دەستوور دێتەدی.
جێی خۆیەتی بەوبۆنەیەوە سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی چین وتوێژەکانی گەلەکەمان و یەکبەیەکی ھەڤاڵانمان بکەین لە کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆست و ھاورێبازانمان و تەواوی دام و دەزگا و ئۆرگان و مەکتەب و کەناڵەجیاجیاکانی راگەیاندنی پارتیمان، ھەروەھا قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، کە گشتیان لەخۆبردووانە ھەمیشە و بەردەوام خەمخۆرانە کاریان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە کردووە و دەکەن، ھەروەھا ناوەندەکانی رێکخستن و ئۆفیسەکان و رەوەندی کوردی لە ھەندەران کە رۆڵێکی کاریگەریان لە بەدەستھاتنی ئەو ئەنجامانە ھەبوو، کە بە ھەوڵ و کۆششی ھەموو لایەک پتر لە یەک ملیۆن دەنگ دراوە بە کاندیدانمان ئەمەیش نیشانەی چەندبارە بەخشینەوەی متمانەیە بە پارتیمان و رێبازی بارزانی.
بێگومان سەرکەوتنی پارتیمان لەو ھەڵبژاردنانەدا بەپلەی یەکەم و زیادبوونی دەنگەکانی، پێش ھەرشتێک بۆ دڵسۆزی و ھۆشیاری تەواوی گەلەکەمان بەچین وتوێژەکانیەوە و پێکھاتە ئایینی و ئایینزا جیاجیاکانەوە دەگەڕێتەوە، ھەروەھا بڕوابوونی پتەویان بە بەرنامە و رێبازی پارتیمان و جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیەکەی، کە دڵنیاین لەوەی لە داھاتوودا زیاتر و باشتر رۆڵی شایستەی خۆیان لە مەیدانەکەدا دەگێڕن.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی ماندوبوون و ھەوڵەکانی دامودەزگا ئەمنیەکان لە پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین، کە وەکو ھەمیشە بوونە فاکتەری دیاری فەراھەمکردنی فەزایەکی ئەمین و لە بار بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای پابەند بوونمان بە ئەنجامەکان، نیگەرانی خۆمان سەبارەت بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاندووە و پێشبینی کورسی زیاترمان کردووە لەوەی راگەیاندراوە بەتایبەتی لە نەینەوا و ھەولێر و پێشمان وایە چەند کەموکوڕیەک ھەیە و لەئەستۆی لایەنی پەیوەندیدار دایە و پێویستە چارەسەر بکرێن و لەوبارەیەوەش تێبینیمان ھەیە و داومانە بەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و بەدواداچوونیشی بۆ دەکرێ.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەنجامدان و راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی پارتیمان ئاراستەی گەلەکەمان دەکەین... ھەر سەرکەوتوو بن...
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢/٥/٢٠١٤
Top