زانیاری لەبارەی رووناكییە سەیرەكەی ئاسمانی كوردستان
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی ئارەزوومەندانی فەلەکناسی کوردستان رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە ئەوە نەیزەک نییەو هیچ مەترسییەکی لێ ناکرێت و بۆ ماوەیەکی کەم لە ئاسماندا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە هۆكاری دروستبوونی رووناكییەكە، ئەژی چەتۆ گوتی 'ئەو رووناکییە پاشماوەی ئەو مووشەکە ئاسمانییانەیە کە دوای ئەوەی لەکاردەکەون، یاخود لە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەک شکست دەهێن لە بەرگی هەوایی ئاسمان بۆ ماوەیەک دەخولێنەوە".
گوتیشی "رووناكییەكە خێراییەکی یەکجار زۆری هەیە و بە دڵنیاییەوە هیچ مەترسییەکی نییە، تەمەنی زۆر کورتە و لە بەرگی هەواییدا هەڵدەوەرێت وەک نەیزەک'.
سەرۆکی کۆمەڵەی ئارەزوومەندانی فەلەکناسی کوردستان گومانی لە رووسیا هەیە بۆ هەڵدانی ئەو جۆرە مووشەکانە، ئەو دەڵیت 'رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین تاقیکردنەوەی مووشەکی ئاسمانی ئەنجام دەدات بەڵام باسی ناكات، بەشی زۆریشیان شکست دەهینن، چونکە لە 7/6/2012 بە هەمان شێوە دیاردەیەکی لەو جۆرە بینرا و هیچ زیانێكیشی لێنەكەوتەوە".
دەشڵێت "ئەگەر هەر دیاردەیەكی فەلەكی رووبدات ئاژانسی ناسا رایدەگەینێت و خەڵکی لێ ئاگاداردەکاتەوە لە ئەگەری بوونی هەر مەترسییەک'.
رووداو
