پەرلەمانی كوردستان ناوی لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت نا
لەو دانیشتنەدا بەپێی برگەی دووەمی دانیشتنی دەنگی لەسەر درا. ئەویش لە بڕگەكەدا هاتووە: "ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕگەی (3) لە ماددەی 56ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1) سالی 1992 ی هەموواركراو و بڕگەی دوانزەیەمی ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموواركراو.
بەرلە ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەرگای گفتوگۆی كردەوە بۆ 10 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، كە بەشێكیان گلەییان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەهۆی ئیمزانەكردنی هەمواری سێیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
لە سەرەتای قسەكانیشدا د.فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی زەرد گوتی: بەهۆی ئەوەی كە لایەنە سیاسییەكان گەیشتوونەتە ئەنجام بۆ دیاركردنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها بەپێی یاسا و بەپێی پەیرەوی ناوخۆیە، بۆیە هیچ نایاساییەكی تێدا نییە و پێویست بە قسەكردن ناكات.
هەروەها ئاری هەرسین رەدی ئەو بۆچوونانەی دایەوە كە گوایە سەرۆكی هەرێمی كەمتەرخەم بووە لەبەرامبەر ئیمزانەكردنی یاسای هەمواری سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: ئەم پەرلەمانە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی داناوەو ئەوەی مەبەستییەتی با پرۆژەیەك پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی ئەو ماوەی كە دیاریكراوە 15 رۆژە بۆ ئیمزاكردنی یاساكان، ئەوا ئەو ماوەیە كەم بكرێتەوە.
دوای خستنە ڕووی بۆچوونەكانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، ئومێد خۆشناو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی زەرد گوتی: (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد جەلال تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان) كاندیدی تەوافوقی نیشتیمانییە.
دوای خستنە ڕووی بۆچوونەكان لەوبارەیەوە. ئینجا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كاندیدەكانی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی خستە دەنگدانەوە. بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (99) ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە نێچیرڤان بارزانی دا بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، هەروەها بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (78) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەنگیان بە قوباد تاڵەبانی دا. هەروەها یەك ئەندام پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی نەدا بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و (7) ئەندام پەرلەمانی كوردستان دەنگیان بە قوباد تاڵەبانی نەدا بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
