فەیسبووك لە دادوەرەكان قەدەغە دەكرێت
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتوون، دادوەر میدحەت مەحمود سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیارێكی دەركردووە بۆ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك و هەبوونی پەیجی تایبەت بە دادوەرەكان.
عەبدولباست فەرهادی سەرۆكی دادگەی تاوانی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا ئەوەی دووپات كردەوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، بڕیاری قەدەغەكردنی فەیسبووكی لە دادوەركان دەركردووە.
فەرهادی گوتیشی: تاوەكو ئێستا دەقی بڕیارەكەمان بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر بڕیارەكەم بەدەست بگات و پشتی بەستبێت بە قانوون، هەرچەندە لە بەغداش دەرچووبێت، ئەوە پابەند دەبم پێی و فەیسبووكەكەم دادەخەم.
ئاماژەی بەوەش دا كە بیانوویەكی قانوونیی نەبینیوە رێگری لە دادوەركان بكات تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بەكار بهێنن.
گوتیشی: لەوانەیە بڕیارێكی لەم شێوەیەش لە هەرێمی كوردستانیش دەربكرێت.
ئەو دادوەرە هێما بۆ ئەوەش دەكات دادوەری وەزیفەیەكی تایبەتە، رەنگە بەهۆی فەیسبووك كاریگەریی لەسەر دروست بێت، گوتیشی: رەنگە كەسانێك هەبن، بیانەوێت ئیستیغلالی ئەو پێوەندییە بكەن لەسەر فەیسبووك، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی دادوەر هەبێت، یان پێش دەركردنی بڕیاری دادگا بۆچوونی دادوەر وەربگیرێت، كە ئەوە كارێكی نایاساییە، نابێت لە سەر هیچ دۆسیەیەك دادوەر بۆچوون یان فەتوا بدات.
بە گوتەی فەرهادی بەشێك لە دادوەرەكان فەیسبووكی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام ژمارەیان زۆر نییە.
شوان سابیر گەردی یاساناس، رایگەیاند: قەدەغەكردنی فەیسبووك رێگرییە لە ئازادیی دادوەران، هیچ یاسایەك نییە رێ لە ئازادییە بنەڕەتییەكان بگرێت و رێگە لە ئازادیی دەربڕین بگرێت، هەر رێگرییەكی لەو جۆرە تیرۆری دەستەڵاتی دادوەریە بۆ سەر دادوەران و رێگە لە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی یاسایی دەگیرێت.
ئەو یاساناسە ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر فەیسبووكی داوەرێك بۆ چەند حاڵەتێك بەكار بێت، ئەوە دەكرێت سزا بدرێت، گوتیشی: ئەگەر بە ناوی ئەنجومەنی داوەری قسە بكات و ئەو سیفەتەی نەبێت، زانیاریی چەواشەكاری بڵاو بكاتەوە، زانیاریی نهێنی و تایبەت بڵاو بكاتەوە كە بەپێی یاسا قەدەغە بێت. یان بڵاوكردنەوەی زانیاریی سەربازی و ئەمنی، ئەوە سزا دەدرێت.
شوان سابیر ئەوەشی خستە روو ئەگەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری قەدەغەكردنی فەیسبووك دەربكات، سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەن.
گوتیشی: ئیمە وەك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی دژی ئەو جۆرە مومارەساتانە دەوەستینەوە، لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكەین، چونكە مەشروعیەتی بڕیارەكە بۆ سەركوتكردنی ئازادییەكان، بەڵام بڕوا ناكەم لە كوردستان شتی وا هەبێت.
