هیچ ئۆتۆمبێلێك بۆی نییە 2 مانگ زیاتر بمێنێتەوە

هیچ ئۆتۆمبێلێك بۆی نییە 2 مانگ زیاتر بمێنێتەوە
ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، تازەترین رینمایی گومرگیی سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەژین و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان.

رێنماییەكان بە نووسرای رەسمی لە (6/5/2014) ئاراستەی دەروازە سنووریەكان كراوە وەك روون كراوەتەوە، لە رێًنماییەكانی پێشووتردا مۆڵەتی مانەوەی ئۆتۆمبێلەكە (6 ) مانگ بوو، بەڵام بەپێی رێنمایی تازەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گومرگ، مۆڵەتی مانەوەی ئۆتۆمبێلەكە كراوەتە (2 ) مانگ و ئەگەر خاوەنەكەی دوا كەوت و پاشان گەڕایەوە بۆ ئەو سنوورەی كە لێوەی هاتووە، بڕی (3000) سێ هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت بۆ هەر ڕۆژێك وەكو سزا.لە هەمان ئەو رێنماییانەدا هاتووە: “ئۆتۆمبێل بە شێوەی كاتی كە هاتووەتە ناو هەرێمی كوردستان، ئەگەر ماوەی یاساییەكەی تەواو نەكردبوو و بە دەست یەكێكی ترەوە بوو، دەبێ دەستگیر بكرێت لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆ و هەر مەفرەزەیەكی تر ڕەوانەی نزیكترین بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی بكرێت و بە بڕی (500,000) پێنج سەد هەزار دینار سزا بدرێت، بەڵام دەبێ خاوەنە ڕەسەنەكەشی ئامادە بێت ئینجا ئۆتۆمبێلەكەی پێ دەدرێتەوە”.


لە خاڵی سێیەمی ئەو رێنماییانەدا هاتووە: “ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی فرۆشتبوو یان خاوەنەكەی نەی گەڕاندبۆوە و ماوەی یاسایی (2) مانگی بەسەر چووبوو، پێویستە دەستگیر بكرێت لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ و هەر مەفرەزەیەكی تر، پاشان رەوانەی نزیكترین بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی بكرێت و بەپێی یاسای گومرگی عێراق ژمارە (23)ی ساڵی (1984) مادەی (202) سزا بدرێت.

لە رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگدا ئەوەش باس كراوە كە: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوەی كاتی دێتە ناو هەرێمی كوردستان و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی هەرێم و جارێكی تر لەلایەن هاووڵاتیەكی ترەوە دەهێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، دەبێ ئۆتۆمبێلەكە لەو وڵاتەوە بهێنرێت كە تۆمار كراوە و سەرەتاكانی بە ناوی ئەو كەسەوە بێت كە ئۆتۆمبێلەكە دێنێت. دەشڵێ هەر ئۆتۆمبیلێك مۆدیلی ڕێگەپێدراو نەبوو وە (ئیسقات) كرابوو، ڕێگەی پێ نادرێت بە شێوەی كاتی بێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە.


رێنماییەكە ئەوەشی روون كردووەتەوە كە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە لە بوارەكانی خوێندنی باڵا (مامۆستای زانكۆ) یاخود وەبەرهێنەر یان لەو شێوەیە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەژین و رەگەزنامەی بیانیان هەیە و لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، پاش وەرگرتنی سەرەتاكان و هێنانی نووسراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا بە واژووی وەزیر یان بریكار، وەبەرهێنەر نووسراوی وەبەرهێنان یان پارێزگا بە واژووی پارێزگار، هەتا كۆتایی كارەكەی بە ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ ئۆتۆمبیلەكانیان لەلا دەبێت و دەبێ ساڵ بە ساڵ نووسراوی نوێكردنەوە بهێنن، ئینجا بۆیان نوێ دەكرێتەوە.
Top