زۆرجار ئاكامی هەڵبژاردن دەبێتە پاڵپشت بۆ دەسەڵاتێك كە بڕوای بەدیموكراتیەت نییە

زۆرجار ئاكامی هەڵبژاردن دەبێتە پاڵپشت بۆ دەسەڵاتێك كە بڕوای بەدیموكراتیەت نییە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئێلین لۆست گوتی: گرنگە كە هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی دەوری بكرێت و هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێن و هەندێ جاریش هۆكاری ئەوە دێتە ئاراوە كە هەڵبژاردنەكان زووتر لەكاتی خۆیان یان درەنگتر لەكاتی خۆیان ئەنجام بدرێن. بە دڵنیاییەوە كێشەكە ئەوەیە كە تۆ هۆكارێكت دەوێت بۆ ئەوەی بۆچی ناتوانیت بۆ كاتێكی نادیار هەڵبژاردن دوا بخەیت.
شاياني باسه هەروەها لوست گوتی: چەندین هۆكار هەن بۆ ئەوەی كە نەبوونی ناسنامەیەكی نیشتمانی هاوبەش پرۆسەی ئینتیقالی لاواز دەكات یاخود بەلای كەمەوە دووچاری دژواری دەبێتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەمە كێشەیەك نییە تەنیا لەو وڵاتانەدا هەبێت كە بە قۆناغی ئنیتیقالیدا گوزەر دەكەن و ئێمەش دەزانین چەندین رێگا هەن بۆ دروستكردنی دامەزراوەی باش و لە بنەڕەتدا دەستەبەركردنی مافی كەمینەكان و دەستبەركردنی مافی گرووپە جیاوازەكان، یەكێك لەو مەسەلانەی سەرنجیان بۆ رادەكێشین بریتییە لە چارەسەری دامەزراوەیی سەرەڕای بوونی دابەش بوون.
هەروەها دەربارەی پرسیارێكی گۆڤاری گوڵان كە ئایا وڵاتانی دوای دیكتاتۆریەت یان ئەو وڵاتانەی كە لە قۆناغی ئینتیقالیدان، ئەوا هێشتا دامەزراوەكان وەك پێویست نەچەسپیون. بە تێڕوانینی ئێوە تا چ راددەیەك لاوازی دامەزراوەكان كاریگەری هەیە لەسەر رەوایی هەڵبژاردنەكان؟ ئێلین لە وەڵامدا گوتی: پێموایە بە شێوەیەكی گشتی لاوازی دامەزراوەكان كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بڕینی قۆناغی ئینتیقالی و دەكرێت هۆكاری جیاوازی گەورەی نێوان تونس و لیبیا لە بەشێكیدا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی تونس دامەزراوەی چەسپیوی باشی هەبوو بە پێچەوانەی لیبیاوە. كەواتە بە دڵنیاییەوە لە پرۆسەی بەرفراوانی ئینتیقالیدا راددەی بەهێزی و لاوازی دامەزراوەكان رۆڵی زۆر گرنگیان هەیە. بەڵام بە تەواوەتی روون نییە كە بەهێزی دامەزراوەكان بە زەرورەت دەبنەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە بكرێت، یان نە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (977)
Top