ئەسیل نوجێفی دەخوازێت، بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاساییش لە پارێزگاری مووسڵ بەرقەرار ببێت

 ئەسیل نوجێفی دەخوازێت، بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاساییش لە پارێزگاری مووسڵ بەرقەرار ببێت
پارێزگاری مووسڵ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵراوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانیدا، ئاواتی خواست کە بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بتوانن بەرامبەر بە شەپۆلی تیرۆر و تۆقاندن بوەستن و ئارامی و ئاسایش لەو پارێزگایەشدا لە شێوەی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18/5/2014 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانیپێشوازیی لە پارێزگاری مووسڵ، ئەسیل نوجێفیو شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا هەردوو لا دوارەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق بە گشتی و پارێزگای مووسڵیان بە تایبەتی تاوتوو کرد. لە میانەی دیدارەکەدا مەسروور بارزانی بە بۆنەی سەرکەوتنی لیستی موتەحیدوون لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا پیرۆزبایی لە نۆجێفی کرد و ئومێدی خواست کە ئاراستەی سیاسیی عێراق بکەوێتە سەر ڕاستەڕێی سرووشتیی خۆی و رێز لە دەستوور بگیرێت و گشت پێکهاتەکانی عێراق بەشداری راستەقینە و کارای بەرێوەبردنی وڵات بن و سیاسەتی قۆرخکاری لە ناوەند کۆتایی پێ بهێنرێت.

لە بەشێکی دیدارەکەدا پارێزگاری مووسڵ ئاماژەی بە دوارەوشی ئەمنیی مووسڵ دا و ئاواتی خواست کە بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بتوانن بەرامبەر بە شەپۆلی تیرۆر و تۆقاندن بوەستن و ئارامی و ئاسایش لەو پارێزگایەشدا لە شێوەی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم ئامادەکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی راگەیاند بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەک بە مەبەستی بەهێزکرنی ئاستی دامودەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای مووسڵ.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش هیواخواز بوو کە هەرچیی زووتر بە هاوکاری و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارامی و سەقامگیری باڵ بە سەر پارێزگای مووسڵ و گشت پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا بکێشێت، تاکو زەمینە بۆ پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرانە برەخسێنرێت.
Top