بارزانی داوەتنامەیەکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار پێدەگات

 بارزانی داوەتنامەیەکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار پێدەگات
ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، داوەتنامەیەکی ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكی فراوان لەبارەی قەیرانی ئەنبارەوە.

سەباح كەرحوت، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رايگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بڕیاری دا كۆنگرەیەكی فراوان ببەستێ بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەكی سیاسی و ئاشتییانە بۆ قەیرانی پارێزگاكە و پێشبینی دەكەین هەفتەی داهاتوو كۆنگرەكە ئەنجام بدرێ".

سەباح كەرحوت گوتیشی، "ئەنجوومەنی ئەنبار داوەتنامەی ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی عێراق و موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدرو عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كردووە بۆ ئامادەبوونی كۆنگرەكە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەنبار راشیگەیاند، "مالیكی و موقتەدا سەدر داوەتنامەكەیان قبوڵكرد و ئامادەی كۆنگرەكە دەبن، بەڵام هێشتا وەڵامی سەركردەكانی دیكەمان پێنەگەیشتووە، هەرچەندە داوەتنامەمان ئاراستەی هەموو كەسایەتی و لایەنەكان كردووە بە نوێنەری خۆپێشاندەرانی ئەنبارو عەبدولمەلیك ساعیدی، گەورە مەرجەعی ئایینی سوننەش".

سەباح كەرحوت راشیگەیاند، "شوێنی بەستنی كۆنگرەكەی ئەنبار هێشتا یەكلانەكراوەتەوە، چونكە سێ را هەیە لەو بارەوە، یەكەمیان دەڵێ با لە ئەنبار ببەسترێ و ئەوەی دیكەیان دەڵێ لە بەغدا و رای سێیەمیش دەڵێ با كۆنگرەكەی ئەنبار لە هەولێر ببەسترێ".

ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق ئەمڕۆ دەستپێشخەرییەكی بۆ چارەكردنی قەیرانی ئەنبار خستەڕوو، تێیدا داوای چارەكردنی قەیرانی ئەنباری كرد دوور لە چارەی سەربازی.

سوپای عێراق لە ٢١/١٢/٢٠١٣ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە دژی چەكدارانی تووندڕەو لە پارێزگای ئەنبار دەستپێكردو تا ئێستاش بەردەوامەو بووە هۆی كوژران و برینداربوونی سەدان كەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەسی دیكە.







رووداو
Top