سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی 5ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕێت مەكگوورگ یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30ـی نیسانی ڕابردوو تاوتوێ كرا و قسە لەبارەی حكوومەتی ئاییندەی عێراق و بەشداریی كورد لە پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتوو كرا. هەر لەم دیدارەدا یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەبۆنەی نزیكبوونەوەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان..

لەبارەی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم، سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە سەرباری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی تازە بەڵام هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی حكوومەتێكی بەهێز كە هەموو لایەك تێدا بەشدارن. سەبارەت بە بەشداریی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و حكوومەتی داهاتووی عێراق سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند هەموو لایەنە كوردییەكان بەیەكەوە لەسەر چۆنییەتی هەنگاوی داهاتوو لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ڕێكدەكەون و هەڵوێستێكی هاوبەشیان دەبێت.
Top