نێچیرڤان بارزانی بڕیاریدا بە دروستكردنی فەوجێكی پێشمەرگە لە قەزای شنگال

 نێچیرڤان بارزانی بڕیاریدا بە دروستكردنی فەوجێكی پێشمەرگە لە قەزای شنگال
دوای خراپبوونی بارودۆخی ئێزدییەكانی سنووری رەبیعە، كە لەژێر هەڕەشەی گرو‌وپە چەكدارییەكانی ئەو ناوچەیەدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رێكەوتی 11ی ئایاری 2014 بڕیاری پێكهێنانی فەوجێكی پێشمەرگەی دا‌ بۆ قەزای شنگال.

ڤیان دەخیل، ئەندامی ئەنجو‌ومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئەمڕۆ خۆی و شاندێكی شنگال سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی بارۆدۆخی شنگالیان كردووە‌و گوتی "نێچیرڤان بارزانی بڕیاریدا فەوجێك لە هێزی پێشمەرگە پێكبهێنرێت بۆ پاراستنی ها‌ووڵاتیانی شنگال".

ڤیان دەخیل كە پەرلەمانتاری عێراقە وەك نوێنەری شنگال، گوتیشی "لە چاوپێكەوتنەكەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كوردستان باسی بارودۆخی ئەو خێزانە ئێزیدیانەمان كردووە كە لەژێر هەڕەشەی گرووپە چەكدارییەكانی ناوچەی رەبیعەدان لە ناوچەكانی نەینەوا .لەبەرامبەردا بارزانی نیگەرانی خۆی لە بارودۆخەكە نیشانداوەو رایگەیاندووە كە ئەو فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی عەزیز وەیسی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی فەوجێك لە هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستی ئەو خێزانانە لە دەست گرووپە چەكدارەكان ".

لەبارەی پێكهاتەی فەوجەكەوە ئەو ئەندامەی ئەنجو‌ومەنی نوێنەران بە رووداوی راگەیاند دەبێت 600 كەس بۆ پێكهێنانی فەوجەكە وەربگیرێن و هەموویان خەڵكی شنگال دەبن.

بەپێی زانیاریەكانی رووداو زیاتر لە 4 هەزار خێزانی كوردی ئێزیدی كە كاری كشتوكاڵی دەكەن لە رەبیعە بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكان رایانكردووە و گەڕاونەتەوە شنگال، ئەم راگواستنەش دوای كوژرانی 6 گەنجی ئێزیدی هات كە پێش چەند رۆژێك لەلایەن گرو‌وپێكی چەكدارەوە كوژران . پێشتر ئاگاداركرابوونەوە كە دەبێ لەماوەیەكی دیاریكراودا ناوچەكە بەجێبهێڵن، بەڵام گروپەكە لە كاتی باركردنی خێزانەكان ئەو شەش گەنجەیان كوشت.






رووداو
Top