چەکدارانى داعش هەشت بێستان لە ناحیەى سەعدیە دەسووتێنن

 چەکدارانى داعش هەشت بێستان لە ناحیەى سەعدیە دەسووتێنن
بەڕێوەبەرى شارەدێى سەعدیە رایگەیاند شەوى رابردوو چەکدارانى سەر بە رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) هەڵیانکوتاوەتە سەر خاڵێکى پشکنینى ئەمنى شارەدێکەو لە پێکدادانێکدا ژمارەیەک سەرباز کوژراون و برینداربوونە.

ئەحمەد زرگوشی، بەڕێوەبەرى شارەدێى سەعدیە بە تۆرى میدیایی رووداوى راگەیاند: "شەوى رابردوو چەکدارانى (داعش) هەڵیانکوتایە سەر خاڵێکى پشکنینى ئەمنى شارەدێکەو لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا 4 سەرباز کوژراون و 2 سەربازى دیکەش برینداربوون، هاوکات چەکدارانى داعش هەشت بێستانى هاووڵاتیانیشیان سووتاندووەو بەهۆیەوە زیانێکى زۆر بە خاوەنى بێستانەکان گەیشتووە".

ئەحمەد زرگوشى گوتیشی: "بەمەبەستى دەرکردن و دەستگیرکردنى چەکدارانى داعش هێزێکى هاوبەشى ئەمنى لە پۆلیس و سوپا و هێزەکانى سوات گەیشتنە ناوچەکە".

لە چوار ساڵى رابردوو شارەدێى سەعدیە تووندوتیژى زۆرى بەخۆیەوە دیوەو بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتووانى سەعدیە روویان لە شارۆچکەى خانەقین و پارێزگاکانى دیکەى هەرێمى کوردستان کردووە.







رووداو
Top