یادی کارەساتی ئەنفالی گوندی جەلەمۆرد کرایەوە
لە مەراسیمەکەدا پاش خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، پاشان وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان ئارام ئەحمەد وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا تیشکی خستەر تاوانی ئەنفال بە پێی قۆناغەکانی و ھەروەھا ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ باشتر کردنی رەوشی گوزەران و ژیانی کەسوکاری قوربانیان و ھاوکات بەسزاگەیاندنی ھەموو ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەدا ھەیە لە گەڵ ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی یاسای ماف و ئیمتیازانی بۆ کەسوکاری قوربانیان.
ھەر لە مەراسیمەدا قایمقامی چەمچەماڵ ئامانج محەممەد وتەیەکی لەسەر پرۆسەی تاوانی ئەنفال لە سنوورەکە و گوندی جەلەمۆرد بەتایبەتی خستەڕوو و ھەروەھا سوپاسی حکوومەتی ھەرێم کرد سەبارەت بە ئاوڕدانەوەی لە گوندەکە و داواشی کرد پرۆژە و خزمەتی زیاتریان پێشکەش بکرێت.
ئامانج محەممەد لە لێدوانێکیشدا تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر رایگەیاند: ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی "لە فرمێسکەوە بۆ ھیوا" یادەکەیان کردۆتەوە ئەمەش وەکو رێزلێنانێک لە قوربانیان و ھەروەھا کەسوکارەکانیان و ھاوکات داوایان کردووە ئەنجوومەنی وەزیران لە رێگەی وەزیرەکانەوە رۆژێک دابنێن بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەر ئەنفال و کیمیاباران کەوتوون لە سنووەکەدا بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ئەو پرۆژانە ببینن بۆ کەسوکاری قوربانیان کراوە و ھاوکات گوێبیستی داواکارییەکان بن بۆ ئەوەی چ پرۆژەیەکیان پێویستە بۆیان ئەنجام بدەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، شانۆگەرییەک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە گوزارشت بوو لە کارەساتی ئەنفالی کورد.
