سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن شای ئۆردۆن پێشوازی لێ كرا

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن شای ئۆردۆن پێشوازی لێ كرا
ڕۆژی دووشەممە 5ـی 5ـی 2014 لە كۆشكی حوسێنییەی عەمانی پایتەختی ئۆردۆن جەلالەتی شا عەبدوللای دووەمی شای ئۆردۆن پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەسەر بانگهێشتێكی فەرمیی شای ئۆردۆن سەردانی وڵاتی ئۆردۆنیان كردووە.

لەم دیدارەدا كە ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و بەڕێوەبەری نووسینگەی شای ئۆردۆن و وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن و ڕاوێژكاری شای ئۆردۆن لە ئەنجوومەنی سیاسەتە نیشتیمانییەكان ئامادەی بوون، شای ئۆردۆن جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە برایانە كردەوە كە عێراق و ئۆردۆنی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لێك نزیك كردووەتەوە. هەروەها شای ئۆردۆن پاڵپشتیی شانشینی ئۆردۆنی بۆ ئەو هەوڵانە دووپاتكردەوە كە لە پێناو باشتركردنی سەقامگیری و ئاساییشی عێراق و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی لە ئارادان. لەم دیدارەی نێوان سەرۆك بارزانی و شای ئۆردۆن پێشهاتە هەنووكەییە ئیقلیمیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و قسەیش لەبارەی ئەو میكانیزمانە كرا كە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن پێویستە بە تایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و سوودوەرگرتنی هەرێمی كوردستان لە ئەزموونی شانشینی ئۆردۆن لە بواری گەشەسەندندا.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هەڵوێستی شانشینی ئۆردۆنی بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی عێراق لە بارودۆخە سەخت و دژوارەكاندا بە بەرز نرخاند و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن كردەوە بە شێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات. سەرۆك بارزانی هەوڵە ئاشتیخواز و میانڕۆیانەی شای ئۆردۆنی بۆ چارەسەری تەحەدیات و بارودۆخە سەختەكان كە ناوچەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە بە بەرز وەسف كرد.
Top