یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت

 یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان یەكشەممەی داهاتوو راسپێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت.

دوای متمانەپێدانیان لەلایەن زۆربەی فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە پێكهاتوون لە یوسف محەممەد/ سەرۆك، جەعفەر ئیبراهیم/جێگر و فەخرەدین قادر/ سكرتێری پەرلەمان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند، كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دوای پێكهێنانی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراوی پارتی رادەسپێرن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردەوە، كە دانیشتنە ئاساییەكانی پەرلەمان بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدەن قەرەبووی ئەو ماوەیە بكەنەوە كە دانیشتنیان ئەنجامنەداوە. ئاماژەی بەوەشكرد كە هەوڵدەدەن بەتەوافوق لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار‌و پرۆژەكان بەڕێبكەن ‌و گوتی "چیدیكە پرسیارێك لە رەفەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان نامێنێتەوە".

یوسف محەممەد جەختیكردەوە كە هەوڵدەدەن بۆ لەمەودوا سەرجەم دانیشتنەكانی پەرلەمان بە راستەوخۆ پەخش بكەن و گوتی "دەمانەوێت خەڵك لە كۆبوونەوەی لیژنەكانیش راستەوخۆ ئاگادار بن".

سەبارەت بە پۆستەكەی یەكێتی، كە ئێستا لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامییەوە پڕكراوەتەوە، چونكە هێشتا یەكێتی بڕیاری بەشداریكردنیان لە حكومەت نەداوە، جەعفەر ئیبراهیم، جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەگەر یەكێتی بڕیاربدات بە ئاراستەی بەشداریكردن لە حكومەت، ئەوە هەقی خۆی وەردەگرێت‌و پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش لەگەڵ شاندی دانوستاندنكاری پارتی تاوتوێ دەكرێت".










رووداو
Top