پەرلەمان کۆدەبێتەوە و سەرۆکایەتییەکەشی بەمشێوەیە دەبێت
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكدێت لە: سەرۆك، جێگر و سكرتێری پەرلەمان. سەرۆك بۆ بزووتنەوەی گۆڕان یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوە سەر بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەت پێش هەڵبژاردن بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، چونكە پارتی رایگەیاندووە ئەگەر پێش هەڵبژاردن یەكێتی بڕیاری بەشداریكردن لە حكومەت بدات، ئەوا لاری نییە لەوەی ئەو پۆستەی بداتێ كە پشكی خۆیەتی، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ یەكێتی ئەو بڕیارە نەدات، ئەوا بەشێوەکی کاتیی سكرتێری پەرلەمانیش لەدەستدەدات كە پێشتر بۆی دانرابوو و وەك باس دەكرێت پشكەكەی یەكێتی دەدرێتە كۆمەڵی ئیسلامی.
گۆران ئازاد، ئەندامی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ رووداو جەختدەكاتەوە كە رازیبوونیان بەوەی ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێ، بەو مانایە نییە كە رازی بووبن بەوشێوەیە بەشداریی لە حكومەت بكەن و دەڵێ "ئێمە كێشەمان لە پۆستەكانی پەرلەمان نییە، سكرتێری پەرلەمان یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانمان بدەنێ ئاساییە بەلامانەوە، بگرە ئێمە كێشەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیە و دەبێ وەزارەتی ناوخۆمان پێبدرێ".
بڕیاری بەشدارینەكردنی یەكێتی لە حكومەت زۆر شت لە پشكەكانی لە حكومەتیش دەگۆڕێت، چونكە (رووداو) لەسەرچاوە باڵاكانی پارتی زانیویەتی ئەگەر یەكێتی پێش هەڵبژاردنەكان نەیەتە نێو حكومەت، ئەوا پارتی بڕیاری داوە بە پشكی یەكێتیدا بچێتەوەو رەنگە لە جیاتی پێنج وەزارەت سێ وەزارەتیان بدەنێ و یەكێتیشی لەوە ئاگادار كردووەتەوە.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایكردبوو پێش هەڵبژاردن، حكومەت یەكلایی بكرێتەوە و پەرلەمان كۆببێتەوە، هەرچەندە گێرە و كێشەش هاتنە بەردەم كۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام سەرئەنجام فراكسیۆنەكان رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی ئەمڕۆ سێشەممە بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
رووداو
