لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان: سێ کاندیدی یەکێتی هاتوونەته ناو ریزەکانی پارتی

لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان: سێ کاندیدی یەکێتی هاتوونەته ناو ریزەکانی پارتی
بەرپرسێکی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان له دهۆک ئاشکرای کرد، "سێ کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، سەنگەریان بۆ ناو ریزەکانی پارتی گواستۆتەوه."



"مەسعود سارنی" بەرپرسی راگەیاندنی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمبارەیەوه به ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: دوێنێ له لقی یەک پێشوازیمان له هەمزه خالد یەکێک له کاندیدەکانی لیستی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق، کرد و کاک هەمزەش به باوەڕی هاتۆته ناو ریزەکانی پارتی و دەستی له کاندید بوونی خۆی کێشاوه. هەروەها ئەمڕۆش پارێزەر سائب حیکمەت له عەشیرەتی دۆسکی که کاندیدی یەکێتی بوو بۆ پەرلەمانی عێراق دەستی له کاندید بوونی خۆی کێشاوه و هاته ناو رێزی پارتی، ئەوانەش بەبێ هیچ زەختێک و به باوەڕییەوه هاتوونەته ناو ریزەکانی پارتی. هەروەها زێرەڤانێکی خەڵکی زاخۆش که کاندیدی یەکێتی بوو بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک هاتۆته ناو ریزەکانی پارتی."



سەبارەت به پێکهێنانی ژوورێکی تایبەت لەلایەن "کەمال کەرکوکی" و "جەعفەر ئیمینکی" بۆ راکێشانی ئەندامانی یەکێتی بۆ ناو ریزەکانی پارتی، مەسعود سارنی گوتی: "ئەوان وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی مافی خۆیانه سەرپەرشتیی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و پشتیوانی له لیستی پارتی بکەن کار بۆ ئەم لیسته بکەن، بەڵام ئەوه دووره له راستی که ئەوان زەختیان له کەس کردبێت بێنه ناو ریزی پارتی و هاتنی ئەو ئەندامانەی یەکێتیش بەرامبەر به هیچ شتێک نەبووه."



سارنی راشیگەیاند: رۆژانه کۆمەڵێک ئەندامی یەکێتی له خەڵکانی سەربازی و ئەندامی رێکخستن و لایەنگرانی دیکەیان دێنه ناو ریزی پارتی دیموکراتی کوردستان.
Top