پەیامی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی بەبۆنەی ساڵوەگەڕیی رۆژنامەگەریی كوردی

پەیامی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی بەبۆنەی ساڵوەگەڕیی رۆژنامەگەریی كوردی
- بەپێی هەلومەرجەكانی ئەوسای گەلی كورد و دەرەنجامی كۆمەڵە هۆكارێكی سیاسی دەرەكی و ناوخۆیی كە هاوكات بوو لەگەڵ پەرەگرتنی بواری بیری سیاسی وكۆمەڵایەتی وەك مینبەرێكی ئایدیۆلۆجی سیاسی كوردی لە 22/4/1898 لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی لە (قاهیرە)بەناوی(كوردستان)دەرچوو.

ئەمەش دەقی پەیامەیەكە

بەپێی هەلومەرجەكانی ئەوسای گەلی كورد و دەرەنجامی كۆمەڵە هۆكارێكی سیاسی دەرەكی و ناوخۆیی كە هاوكات بوو لەگەڵ پەرەگرتنی بواری بیری سیاسی وكۆمەڵایەتی وەك مینبەرێكی ئایدیۆلۆجی سیاسی كوردی لە 22/4/1898 لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم رۆژنامەی كوردی لە (قاهیرە)بەناوی(كوردستان)دەرچوو.



لە (116)هەمین ساڵوەگەڕیی رۆژنامەگەریی كوردی هەست بە شانازی و گەورەیی هزروقەڵەمی رۆشنفكرانی كورد دەكەین، ئەوانەی بنەمایەكی راستەقینەو پڕبەخششیان لە بواری رۆژنامەوانی و كوولتووری داڕژت و دەنگی زوڵاڵی وشەی كوردیان بە جیهان گەیاند.

قافڵەی نەسرەوتووی رۆژنامەوانی كوردیمان رێگایەكی سەخت ودژواری بڕیوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە فەرهەنگیی و رۆژنامەوانیەكانیدا، رووبەڕووی جۆرەها كۆسپ و بەربەست بووەتەوەوكۆڵی نەداوەو هەر بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، بۆیە مایەی شانازیمانە كە ئەو كاروانە رۆشنبیرییە خاوەنی دەسكەوتێكی زۆرەوبە قوربانیدانێكی مەزنیشەوە بەردەوام بووە.

هاوزەمان رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی زەوینەیەكی لەباری رەخساند بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەریی، هەروەها بەرپرسیاریەتێكی مێژوویی گرنگ بۆ بەدیهَنانی ئامانجەكانمان بەتایبەتی لە بواری كوولتووری ورۆشنبیریدا.

رۆژنامەی(كوردستان) لەرووی بیری سیاسی كوردیدا رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كەسانی پێشەنگی رۆژنامەگەریی كوردی كەسانی رۆشنفكر بوون، هەروەها رۆژنامەكە گرنگی دەدا بە بواری رۆشنبیریی و ئەدەبی و زمان و مێژوو، مایەی شانازی نەتەوەییەمانە، كە بەسەر لاپەرەكانیدا سەردەمێكی تازەی لە كرانەوەوگەشانەوە خستەسەر پشت، گوزارشی لە كێشەی گەلێكی بەشمەینەت دەكرد.

ئەو دەسكەوتە مەزنەی رۆژنامەگەریی كوردی بووە هۆوهاندەرێك بۆ زیاتر هەڵكشان وبرەودان بەبواری دیكەی گرنگی ژیانی سیاسی ورۆشنبیریی وكولتوری، هەروەها هێزێكی تازەیشی بەخشیە ژیانی رۆشنبیریی كوردیمان، بۆیەش پاشان بووە هۆكارێكی بنەڕەتی گەشەكردن ونوێبوونەوەوسیستمازەكردنی بواری پیشەیی و ئەدەبی وفەرهەنگی.

ئەو هەوڵە رۆژنامەوانییە وەك پردێكی رۆشنبیریی وابوو لە نێوان كوردستان و وڵاتانی دیكە، رۆژنامەی كوردستان هەر لەسەرەتای دەرچوونیەوە گرنگی دابوو بە كێشە چارەنووسازەكان و رۆژنامەوانیش بوو بەو مینبەرە جیاودیارەی رۆشنبیرانی كورد بۆ دەرخستنی خواست وویست ودەردەسەری رۆڵەكانی گەلەكەیان، پەیامی رۆژنامەكە پرەنسیپەكانی ئاشتی و برایەتی و ئاشتەوایی بوو دژ بە چەوسانەوە بوو.

بێگومان رۆژنامەگەریی كوردیی لەهەر سەردەمێكدا هێزێكی كاریگەرو داكۆكیكارێكی سەرسەختی رەسەنایەتی كوولتوری و رۆشنبیریی نەتەوەیی بووە، هەروەها ئامڕازێكی پارێزەرانەوپەرەپێدەرو نوێبوونەوەی ئەدەبیات وزمان و وشەی رەسەنی كوردییە.

لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا سەنگەری رۆژنامەگەریی چەكی بەرگری و هۆشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆیەكی راستەقینەو بوێری شۆڕش وراپەڕینەكان بووە.

ئەمڕۆش لەسایەی راپەڕین و دەسكەوتەكانی گەلەكەمان و بەرپاكردنی بنەما گرنگەكانی حوكمڕانیی هەرێم و ئازادی و دیموكراسی و فرەرەنگی لەهەموو بوارەكاندا، جارێكی دیكەو بە سستماتیزەكردنی لەرووی یاسایی و دەستووریەوە، رۆژنامەگەریی كوردیی بە گوڕوتینێكی زۆروبەربڵاوانەتر لە هەر سەردەم وقۆناغێكدا لە مەیدانەو وێرای كەموكوڕیەكان رۆڵی شیاووئەرێنی خۆی دەگێڕێت و بەپێی بنەماوپێوەرە گونجاووسوودبەخشەكان ئەو پەیامەی خۆی دەگەیەنێ و جێبەجێی دەكات لەرووی چاودێریی و رەخنەگرتن و هۆشیاركردنەوە بەمەش وەك دەسەڵاتی چوارەم هەنگاو بە هەنگاو پێگەی خۆی قایمتر دەكات.

بێگومان رۆژنامەگەریی كوردی پێویستە وەك دەسەڵاتێكی كاریگەروهەستیار هەم رۆڵ ببینێ و هەمیش بە بەرپرسیاریەتێكی گەورە هەڵبستێ، كە لە ئاست هیواوئامانجەكانی گەلەكەمان دابێ لەرێی زیاتر یەكخستنی ماڵی كوردو یەكگرتوویی گوتاری سیاسی كورد بۆ پتەوكردنی ئەو ئەزموونەی ئەمڕۆمان و گەیشتن بە ئایندەیەكی رۆشنتر.

لە ئەزموونی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان – ئیراقدا كە زەوینەودەرفەتی ئازادی بیروڕاورادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەریی فەراهەم كراوەو بە دەیان و سەدان دەزگاوكەناڵ و بڵاوكراوەی هەمە جۆروهەمەرەنگ هەن لەسەر گۆڕەپانەكە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمە وادەخوازێ رۆژنامەگەریی كوردیی پەیامی راستەقینەی خۆی هەمیشە لەبەرچاو و بیر بێ، رۆژنامەوان بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكات و بجەنگێ بۆ پیادەكردنی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و داكۆكیكردن لە كێشە رەواكان و دیاردە ئەرێیەكان و رەچاوكردنی راستییەكان و مسداقیەتی كارەكەی، هەروەها سووربوون و بەرگریگردن لە مافی هاووڵاتیان بەبێ جیاكاری لەرووی پێكهاتەی ئایین و ئایینزاو خستنەرووی گیروگرفتەكانیان و پتەوكردنی بەهای یەكسانی و دادوەریی و یەكە كۆمەڵایەتییەكان.

لە یادی رۆژنامەوانیی كوردیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە پێویستە زیاتر دەروازەی ئازادی رادەڕین واڵاتر بكرێ بۆ رەخساندنی بواری كاری رۆژنامەوانیی بەپێی بنەماوپرەنسیپە گونجاووهەرەپێشكەوتووەكانی كاركردنیان وەك باوە لەسەر ئاستی جیهانداو ئاسانكاری كردن بۆیان و كەمكردنەوەونەهێشتنی دیارە دزێووپێشێلكاریەكان.

لە جەژنی رۆژنامەگەریی كوردیدا، سڵاوورێز بۆ بەدرخانییەكان و گشت ئەو ماندوونەناس و خەباتكارە نادیارانەی رێی رەسەنی قەڵەم و وشەی شیرینی كوردی...هەر شكۆدار بێت رۆژنامەی(كوردستان)و رۆژنامەگەریی كوردیی...

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتی دیموكراتی كوردستان

21نیسان2014
Top