لە ئامەد زانكۆیەك بە ناوی شارەكەوە دەكرێتەوە

 لە ئامەد زانكۆیەك بە ناوی شارەكەوە دەكرێتەوە
لە ئامەد كارەكانی دامەزراندنی یەكەم زانكۆ بە زمانی كوردی دەستیپێكرد‌ووە، ئەمەش دوای ئەوەی كە لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت رێگاپێدانی بڵاوكرایەوە.

زانكۆكە لەلایەن وەقفی میزۆپۆتامیاوە پێشنیازكرا بۆ دامەزراندنی و لەنێو دامەزرێنەرانی زانكۆ وێڕای ژمارەیەك سیاسەتمەدار، پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤ، پیاوانی كار، ئەكادیمیست هەن یەكێك لە كەسایەتییە ناسراوەكانیش هونەرمەندی كورد شڤان پەروەرە.

لە زانكۆكە خوێندن بە زمانی كوردی دەبێت، لە پاڵیشیدا زمانی ئینگلیزی و توركیش دەخوێنرێ، هاوكات بۆ داهاتوو پلانی فراوانكردنیان هەیە و هەردوو زمانی سریانی و ئەرمەنیش دەخوێنرێن.

د. سەلیم ئۆلچە، بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی وەقفی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، كە نزیكەی ساڵێكە كارەكانیان بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی فرە زمان بە 15 كەس دەستپێكرد و دواتر بەشدارانی گەیشتە 200 كەس.

گوتیشی: "بۆ دامەزراندنی زانكۆیەكی فرەزمان دەستمان بەكارەكان كردووە و لە رووی یاساییشەوە كارەكانی تەواو بووە".

ئۆلچە ئاماژەی بەوەكرد: ئەگەری زۆرە زانكۆكە ناوی ئامەد بێت، كارەكانی سەرەتاییش بۆ خوێندن بە زمانی دایكی كوردی دەستیپێدەكات.

هەروەها گوتی: "لە 23ی حوزەیرانی داهاتوو وەقفەكەمان كۆنگرەیەك سازدەكات، دوای ئەو كۆنگرەیە كارەكانی موڵكدارێتی شوێنی زانكۆ و كۆكردنەوە هاوكارییەكان چڕدەكەینەوە، ئەكادیمیسیانەكان كۆبوونەوە ساز دەكەن، هەروەها بۆ دانانی راگری كۆلێژەكان سەر لە دەستەی خوێندنی باڵا دەدەین، دامەزراندنی ئەو زانكۆیەش بە زمانی كوردی هۆكارێك دەبێت بۆ زیندووكردنەوەی كەلتوور و بەهاكانی كورد". -





رووداو
Top