له دیدارێكدا تایبەتدا بۆ گۆڤاری بابە شێخ خرتۆ مەرجەعی ئایینی گشتی ئێزیدی گوتی : ((ئێمە زۆر سوپاسی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین؛ كەوا بووەتە هۆكاری هێنانەدیی ئەو ئەمن و ئاسایشەی كە ئێستا لە كوردستان بەرقەرارە، ئەم ئارامیە بۆ ئێمە گەورەترین دەستكەوتە كە لە كوردستان شانازیی پێوە بكەین، چونكە لەناوچەكانی دیكەی عێراق ئێزیدیان رووبەڕووی كوشتن و دەركردن بوونەتەوە لە پارێزگایەكی وەكو نەینەوا كە ئەو هەموو ئێزیدییە خەڵكی رەسەنی ئەو شارە بوون، ئێستا دەركراون، دوای ئەوەی هێڕشی ناڕەوایان كراوەتە سەر. ئەمڕۆ كە یادی جەژنی ئێزیدیانە بەچاوی خۆتان دەیبینن چۆن مامۆستایانی ئایینی موسڵمان و قەشەی كریستیان و كەسایەتییە ناسراوو پیاوە ماقووڵەكان سەردانمان دەكەن، واتا لایەنە سیاسییەكان بە پارتە نەتەوەیی و عیلمانی و ئیسلامیەكانیشەوە سەردانمان دەكەن و هەموومان رێز لە پێكەوەژیان و ئاینەكان دەگرین. تەنانەت سەرۆك هۆزە كوردو تیرە عەرەبەكان بۆ پیرۆزبایی لەجەژنی سەری ساڵی ئێزیدییان سەردانیان كردین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەو ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانەی ئەمڕۆ لە كوردستان هەیەو نموونەیەكی بەرزیشە بۆ ناوچەكەو جیهان كە لەسایەی ئاشتی و ئارامیدا ژیانی تێدا دەگوزەرێت.
هەروەها بابە شێخ گوتی: هەربۆیە ئێمە پشتگیری لەوە دەكەین كە هەموو هاووڵاتیان پێكەوە ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و بەوپەڕی ئازادییەوە دەنگی خۆیان بدەن و هیوادارین ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە پێشتر خزمەتی خەڵك و وڵاتیان كردووەو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە خزمەت كردن.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(973) بخوێنەوە.