بەم نزیکانە کونسولخانەی بلگاریا لە ھەولێر دەکرێتەوە
ئەمرۆ کارسن دیمێترێڤ جێگری وەزیری ئابووری و سامانە سروشتیەکانی بلگاریا و بەرپرسی سیاسەتی بازرگانی دەروە, سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان کردوە, بە بایز تاڵەبانی وەزیری داراییان راگەیاندوە کە بەم نزیکانە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەولێر دەکرێتەوە.
بە پێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی, ئەوە خراوەتەروو کە جێگری وەزیری ئابووری و سامانە سروشتیەکانی بلگاریا بە وەزیری دارایی راگەیاندوە کونسولخانەی بلگاریا لەم نزیکانە لە ھەولێری پایتەخت دەکرێتەوە, ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا.
ھەر بە پێی راگەیاندراوەکە بەھۆی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان سەرمایەدارانی بلگاریا بڕیاریانداوە روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و پرۆژەی گرنگ ئەنجام بدەن.
لە سەرەتای نیسانی ٢٠١٢ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بلگاریای کردوە و پێوەندیەکانی ھەردوولا لە بەرەو پێشچووندایە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بەردەوام سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
کردنەوەی کونسوڵخانەی بولگاریا دەبێتە ھۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئاسانی گەشت بۆ بولگاریا بکەن و سەرمایەدارانی ئەو وڵاتەش بە ئاسانی بێنە ھەرێمی کوردستان.
کۆماری بلگاریا کەوتۆتە باشوری رۆژھەڵاتی ئەوروپا و لە ساڵی ٢٠٠٧ چۆتە یەکێتی ئەوروپا، بە وڵاتێکی گەشتیاری ناسراوە.
