کۆمیسیۆن 16 قەوارەی سیاسی سزادەدات

 کۆمیسیۆن 16 قەوارەی سیاسی سزادەدات
بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە رێنماییەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان 16 قەوارەی سیاسی سزاددەدات، هاوکات هیچ قەوارەیەکی کوردیشی تێدانییە.

سیروان ئەحمەد رەشید، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە رێنماییەکان تاوەکو ئێستا 16 سکاڵا لە دژی قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراون و کۆمیسیۆنی باڵاش لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەک یەک ملیۆن دینار سزای دارایی داون".

ئەو ئەندامەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دووپاتیكردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ قەوارەیەکی سیاسی کوردی سکاڵای لەسەر تۆمارنەکراوە و سزانەدراوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمیسیۆنیش لە بارەی دڕاندنی پۆستەر و لۆگۆی قەوارە سیاسییەکان، سیروان ئەحمەد گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ قەوارە و کاندیدێک بە بەڵگەوە لەمبارەوە سکاڵایان تۆمارنەکردوە و هەروەها ئەنجامدەرانی ئەمجۆرە كارانەش دیارنین، بۆیە نەمانتوانیوە سزای هیچ کەسێک بدەین لەسەر ئەم کێشەیە".

لە سەرەتای ئەم مانگەوە قەوارە سیاسییەکانی عێراق هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بۆ پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان لەیەک کاتدا ئەنجامبدرێن.








رووداو
Top