سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سكرتێر و ئەندامانی تازەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا كرد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سكرتێر و ئەندامانی تازەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سعود مەلا سكرتێری تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا و ئەندامانی سەركردایەتیی ئەم پارتە كرد و لەگەڵیاندا كۆبۆیەوە.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا سكرتێری تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوریا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەدا و كورتەیەكی لە ئەنجامەكانی كۆنگرەی یەكێتیی سیاسی و دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و ئەرك و ڕاسپاردەكانی ئەم كۆنگرەیەی خستەڕوو و سەرۆك بارزانی لە سەركەوتنی كۆنگرەكە ئاگادار كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی سەركردایەتیی سووریا بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایییان ئاراستەی خۆیان و گەلی كورد و سەرۆك بارزانی كرد و بەڵێنیان بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كورد دووپاتكردەوە كە لە خزمەتی ڕێبازی كوردایەتی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلەكەیاندابن. سكرتێر و ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە پاڵپشتی خوشك و برایانی كورد لە سووریا بووە و پاڵپشتیی سەرۆك بارزانیان بە هۆكارێكی بەهێز زانی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی كورد و شاندی میوان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی كۆنگرە و ئەنجامەكانی كۆنگرەكەیان و هیوای خواست كە لە ئەرك و كارەكانیاندا سەركەوتوو بن. سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا باڵی كشاندە سەر ئەوەی كە بیروباوەڕی بێگەردی كوردایەتی ئێمەی لەدەوری یەكتر كۆكردووەتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە خەباتی گەلی كورد لە سووریا ئەوەی خستەڕوو كە ئێمە هەر چییەك بكەین ناتوانین قەرزی گەلی كورد لە سووریا بدەینەوە چونكە لە ڕۆژانی تەنگانەدا یارمەتی شوڕش و خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانیان داوە و ئەو دڵسۆزیی و خەمخۆرییەیان جێگەی شانازییە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا داوای لە سكرتێر و ئەندامانی سەركردایەتیی تازەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا كرد ئەم سەركەوتنە و ئەنجامەكانی كۆنگرە بپارێزن و برایانە و كوردپەروەرانە لەگەڵ یەكتردا بن و ئەركی سەرەكییان ئەوە بێت كە نەهێڵن ئەو فرسەتەی لە كوردستانی سووریا بۆ گەلی كورد هاتووەتە ئاراوە بەفیڕۆ بچێت. سەرۆك بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی و هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و هێمای بەوەدا كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی سیاسیی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان لەناو خۆیاندا هەر بڕیارێك بدەن پاڵپشتیتان دەكەین. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی قسەكانیدا ئاییندەی گەلی كوردستانی بە گەش و پڕئومێد وەسف كرد و ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستانە و پێویستە هەموومان سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین كە بۆ گەلەكەمان هاتووتە ئاراوە.
Top