عارف ته‌یفوور: حکوومه‌تی به‌غدا هه‌مان سیاسه‌ت و سزادانه‌کانی سه‌دام دژی هه‌رێمی کوردستان پێڕه‌و ده‌کات

 عارف ته‌یفوور: حکوومه‌تی به‌غدا هه‌مان سیاسه‌ت و سزادانه‌کانی سه‌دام دژی هه‌رێمی کوردستان پێڕه‌و ده‌کات
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێ، ئەو سیاسەتانەی ئێستا حکوومەتی عێراق لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران پەیڕەوی دەکات هاوشێوەی سیاسەتەکانی سەددام حوسێنە بەرامبەر بە کورد.


عارف تەیفور، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "حکوومەتی عێراق بەردەوامە لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی سزادانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بڕینی قوتی هاووڵاتیان، ئەو سیاسەتانەی ئەمڕۆ بەغدا لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران پەیڕەوی دەکات هاوشێوەی سیاسەتەکانی سەددامە بەرامبەر بە کورد".
عارف تەیفور دەڵێت "شاراوە نییە کورد چەند بە دەستی ستەمی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ناڵاندیان و چەند خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی و کەرامەتی گەلی کوردستان و گەلی عێراق کردو دواتر بە هەموو شیوەیەک پاڵپشتیان لە سەرخستنی پرۆسەی دیموکراتی کرد لە عێراقی فیدراڵی".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان راشیگەیاند "جێی سەرسورمانە ئەمڕۆ کەسانێک لە عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی عێراق دەدەن بۆ فەرمانڕەوایی ناوەند و سیستمی حکومڕانیی دیکتاتۆری."

زیاتر گوتیشی "جێی داخە ئەو دەمەی حکوومەتی عێراق بڕیاری بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستانی دا، هاوپەیمانیی نیشتمانی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر ئەو بڕیارەی بەغدا نەنواند".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا عارف تەیفوور دەڵێت "جێی داخە پیاوانی ئایینی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە نیشتمانییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان هەڵوێستیان بەرامبەر هەڵوێستی نامرۆڤانەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نەنواند و رێگەیان لە بە سیاسیکردن و قۆستنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نەگرت".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە کورد تەنها داوای مافی خۆی دەکات و خوازیار نییە هیچ پێکهاتەیەک لە سامانی عێراق بێبەش بکرێ
Top