هەفتەی داهاتوو پارتی و گۆڕان كۆدەبنەوە
بەپێی سەرچاوەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو كۆبوونەوەیە لەشاری هەولێر بەڕێوەدەچێت لەسەر وردەكارییەكانی دابەشكردنی وەزارەتەكان و پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ، كە بڕیارە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان ، كەبەپێی زانیارییەكان یوسف محەممەدی سەرۆكی ئێستای فراكسیۆنی گۆڕان پاڵێوراوە بۆ ئەو پۆستە ، هەروەها جەعفەر ئیمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پاڵێوراوی پارتییە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان .
دوای ئەوەی پارتی و گۆڕان رێككەوتن لەسەر ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گۆڕان بێت و وەزارەتی ناوخۆ بۆ پارتی بێت ، دانووستاندنەكان جوڵەیان تێكەوتەوە .
بڕیارە دوای دووشەممە كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە براوەكاندا دەستپێبكاتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت .
لە پۆستە ئەمنییەكاندا ، پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەلای یەكێتی دەمێنێتەوە .
بزووتنەوەی گۆڕان خوازیاری ئەوەیە كە فایلی پێشمەرگە لەلای ئەوبێت و ، فایلی هێزەكانی ناوخۆ لەلای پارتی بێت ، لەگەڵ ئەوەدایە هیچ یاریدەدەرێك بەناوی هێزی پێشمەرگەوە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا زیادنەكرێت ، چونكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی بەشێوەیەكی یاسایی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەیە و جێگرەكەشی جێگری فەرماندەی گشتییە
رووداو
