سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە حزبی شیوعیی عێراق دەکات
سكرتێری گشتیی حزبی شیوعیی عێراق
برایانی بەڕێز ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی عێراق
ئەمڕۆ، یادی هەشتاساڵە دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراقی دۆست و خەباتگێڕە، ئەو حزبەی خاوەنی خەباتێكی مێژووییە لە پێناو مافەكانی گەلانی عێراق، لە پێشیانەوە گەلی كورد.
حزبی شیوعیی عێراق خاوەنی خەباتێكی درەوشاوەی مێژوویی نیشتیمانی و نێودەوڵەتییە لە پێناو مافی بڕیاردانی چارەنووسدا بۆ گەلە تێكۆشەرەكەمان، یەكەمین حزبی نیشتیمانیی عێراقییە كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردی كردووە و لەو پێناوەدا خەباتی كردووە، گۆڕەپانەكانی خەبات و شۆڕشی كورد، شایەتی بۆ پێشمەرگە شیوعیییەكان دەدەن كە چۆن لە هەموو گوند و شارەكانی عێراقەوە هاتوون و بەرەنگاری رژێمە دیكتاتۆرییەكان بوونەتەوە و لەپاڵ براكانیاندا لە گەلی كوردستان بەشدارییان لە شۆڕشی ئازادیخوازییدا كردووە.
ئێمە لە كاتێكدا بەوپەڕی شانازییەوە یادی خەباتی حزبە دۆستەكەتان دەكەینەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و هاوڕێیانتان لە سەركردایەتی و جەماوەری حزبی شیوعیی عێراق دەكەین بەم بۆنە مێژووییەوە.
بەهیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی بەردەوام بۆ خەباتی حزبی شیوعیی عێراق لە پێناو ئامانجە پیرۆزەكانیدا.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/3/2014
