سوپای عێراق 15 گوندی قەرەتەپەی چۆڵكرد
سەڵاح بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپە بە تۆری میدیاری رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، 3 رەبیەی هێزەكانی سوپای عێراقی تەقاندووەتەوە. لەدوای رووداوەكە هێزەكانی سوپای عێراق دەستیان بە پاشەكشە کردووە، ئێستا 15 گوندی ئەو دیوی قەرەتەپەی كۆن چۆڵكراوە، دانشتووانەكەی ئاوارەبوون".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپە گوتیشی، "بەهۆی تەقاندنەوەی پردی لهێبەوە هێزەكانی سوپای عێراق ناتوانن بپەرنەوە بەرەو چیای حەمرین، "ئێستا تەواوی ئەو گوندانەی ئەودیو پردەكە تاكوو دەگاتە چیای حەمرین لەدەستی داعشدایە".
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا هیچ راپۆرتێكی سەربازیمان لەو ناوچانەوە بەدەستنەگەیشتووە، هەر كاتێك لە رووی سەربازییەوە رووپێوێك بەدەستی ئێمە گەیشت، ئەوكاتە ئەو زانیاریانە بڵاودەكەینەوە".
رۆژی 23/03/2014 لە شەڕی نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش ) لە قەرەتەپە چەند سەربازێكی سوپای عێراق كوژراون و برینداربوون، هەر لەو رووبەڕووبونەوەدا پردی نێوان گوندی لهێب و قەرەتەپەی كۆن بەدەستی چەكدارانی داعش تەقێندرایەوە، هێزەكانی سوپای عێراقیش لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕەكە لەسنووری ناحیەی قەرەتەپەو گوندەكانی دەوروبەری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی وەستاندووە بۆ ئەوەی رێگربن لە گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوان ئەندامانی داعش و گروپەكانی دیكەدا.
رووداو
