بۆ رۆژانی نەورۆز لە رێگەی ھەلیکۆپتەر چاودێری سەیرانگاکان دەکرێت

بۆ رۆژانی نەورۆز لە رێگەی ھەلیکۆپتەر چاودێری سەیرانگاکان دەکرێت
بۆچاودێریکردنی رەوشی ئەمنی و بە تەنگەوەچوونی ھەر رووداوێک چەند فرۆکەیەک لە رۆژانی جەژنی نەورۆز بە سەر ئاسمانی شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان دەسورێنەوە.


بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان عەمید قادر سدیق رایگەیاند: سەرجەم ھەلیکۆپتەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی ھاتوچۆ لە رۆژانی نەورۆز بەسەر ئاسمانی شارەکان دەسورێنەوە، گوتیشی: ئەو ھەلیکۆپتەرانە لە ئاسمانەوە چاودێری سەیرانگاکان و ناوچە گەشتیاریەکان و رێگاکانی ھاتووچۆ دەکەن، لە رێگەی پێوەندی پێوەکردنیان دادەبەزنە خوارەوە.

بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ئەرکی ئەو ھەلیکۆپتەرانە گوتی: بۆ چاودێری کردنی باری ئەمنی و ھاتووچۆیە، ھەر روداوێکی ھاتووچۆ یان پێکدادان ھەبێت یان بریندار ھەبێت، ئەو ھەلیکۆپتەرانە دادەبەزن و ھاوکار دەبن بۆ گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانەکان.

عەمید قادر سدیق ئەوەی خستەروو بۆ یەکەمجارە ھەلیکۆپتەر بۆ پلانی رۆژانی نەورۆز بەکار بێت، ئەویش بەھۆی رۆڵی ئەو ھەلیکۆپتەرانەیە کە لەو ماوەیە کاریان پێ کراوە.

باسنیوز
Top