پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی نەورۆز

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی نەورۆز
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

پڕ بەدڵ پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزتان لێ دەكەم. هیوادارم هەردەم لە خۆشی و بەختەوەریدا بن. پیرۆزبایی لەهەموو تاكێكی كورد و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم.

نەورۆز بۆ هەموومان مانای سەركەوتن و هیوا و دەستپێكێكی تازە دەدات. گەلەكەمان لە ڕێگەی خەبات و ئازادیخوازیدا نەهامەتیی زۆری بینیوە و قوربانیی بێ هەژماری داوە. دەمەوێ لەوە دڵنیاتان بكەمەوە كە خەبات و قوربانیدانتان بەفیڕۆ ناڕوات و ئاییندەیەكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات. بڕوام بە هێز و توانا و خۆڕاگریی ئێوەی سەربەرز هەیە و بە پاڵپشتیی خودای مەزن و ئێوەی ئازیز، كوردستان بەسەر گشت ئاستەنگەكاندا سەردەكەوێت و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

لەم بۆنە نەتەوەییەدا داوا لە گشت لایەك دەكەم لە هەوڵی قووڵتركردنی یەكڕیزی و تەبایی و كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی دابن. ئێمە پێكەوە بەهێزین، پێكەوە سەردەكەوین و پێكەوە وڵاتەكەمان پێشدەخەین. داوایش لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم لە شادی و سەیرانەكانیاندا ژینگە و جوانی و سرووشتی كوردستان بپارێزن، تكایە.

نەورۆزتان پیرۆز
هەر بژین لەخێر و شادیدا
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
20ـی 3ـی 2014
Top