هەڵەبجە: داستانی ئاوەدانی

هەڵەبجە: داستانی ئاوەدانی
لە16ی ئازاری 1988, رژێمی بەعسی عیراق، قەزای هەڵەبجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیای بۆردومان كرد, بەو هۆیەوە 5 هەزار هاووڵاتی ئەو شارە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی تریش برنیدار بوون.

جگەلەو زیانە زۆرە گیانییە، رژێمی عیراق قەزاكەی بە تەواوتی وێران كردو و دانیشتوانی ناوچەكەی راگواست و سەرجەم ناحیەو گوندەكانی خاپور كرد.

مەحمود عوسمان, بەرێوەبەری ئاماری سلێمانی، دەڵێت: ساڵی 1988 قەزای هەڵەبجە، بەخۆی و ناحیەكانییەوە( سیروان، خورماڵ، بیارە، سەیدسادق) و سەرجەم گوندەكانی بە رێژەی 100% وێران كرا.

لەو ساڵەدا 24804 هەزار بینا و خانووی ئەو قەزایە لەگەڵ خاكدا یەكسان كرا، كە 22 هەزار بینایان شوێنی نیشتەجێ‌ بوون بوو.

بەهەمان شێوە 112 خوێندنگەو 32 نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی, 216 گوند بە تەواوەتی وێران كران.

خزمەتگوزارییەكانی وەك : كارەبا، ئاو، فەرمانگە حكومییەكان، رێگەوبان، بە تەواوتی نەمان و لە ناوبران.

139472 هەزار كەس، كە دانیشتووی ناوچەكە بوون ئاوارە و دەربەدەربوون و راگوێزران.

بەڵام هەرچەندە دوای راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان، ناوچەكە لە رژێمی رووخاوی بەغداد پاك كرایەوە، بەڵام تا ساڵانێكی درەنگ تر بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری ناوچەكە دەستی ئاوەدانی حكومەتی هەرێم درەنگ گەیشتە ناوچەكە.

بەڵام توانرا، قەزای هەڵەبجە و ناحیەو گوندەكانی باشتر لە جاران ئاوەدان بكرێتەوەو قەزای سەیدسادقیش كە پێشتر ناحیەیەكی سەر بە هەڵەبجە بوو ببێتە یەكێك لە قەزا گەورەكانی كوردستان.

لە ئێستادا جگەلە شاری هەڵەبجە وەك ناوەندی قەزای هەڵەبجە ، ناحیەكانی سیروان و خورماڵ و بیارە و 124 گوند ئاوەدان كراونەتەوە جگەلە قەزای سەیدسادق و 28 گوندی سەر بەو قەزایە.

تەنیا لە قەزای هەڵەبجە 25,872 بینا دروستكراوە كە 20 هەزاریان نیشتەجێ‌ بوونە، لە قەزای سەیدسادقیش 19 هەزار بینا ئاواكراوەتەوە.

دانیشتوانی ئێستای قەزای هەڵەبجە جگەلە قەزای سەیدسادق كە پێشتر پێكەوەبوون، زیاتر لە 104 هەزار كەسە.

101 فەرمانگەی حكومی لە قەزاكەدا ئاواكراوە،

لە ساڵی 1988دا سەرجەم خوێندنگەكانی ناوچەكە كە ژمارەیان 112 خوێندنگە بووە لەگەڵ خاكدا تەخت كراو بوون، ئێستا 126 خوێندنگە دروستكراوەتەوە، هاوكات زانكۆیەك و 2 پەیمانگەش لە شاری هەڵەبجە دروستكراوە.

تەنیا لە قەزای هەڵەبجەی ئێستا 52 نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی ئاواكراوە كە پێشتر بە قەزای سەیدسادقی ئێستاشەوە 32 دانە بوون و لە ساڵی 1988دا سەرجەمیان كاولكرابوون.

بەهۆی ئەو خزمەتگوزاریانەی لە ناوچەكەشدا حكومەتی هەرێم پێشكەشی دەكات، ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیانی ناوچەكە باشبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینووەو جگەلە دووبارە بونیاد نانەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا و رێگەوبان، ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی تاكی ناوچەكەش بەرەو پێش چوونی بە خۆیەوە بینیوە:

هەژاری لەناوچەكەدا 2,4% ە كە كەمترین رێژەی عیراقە.

بێكاری بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ بەرەو سەرەوەیە 15,7%ە

تێكڕای خەرجی تاك لە مانگێكدا لە قەزای هەڵەبجە 406 هەزار دینارە
86% هەموو خێزانەكان خانوونی تایبەتی خۆیان هەیە.

لە پێش كیمیابارانی هەڵەبجەو وێرانكردنی سەرجەم ناحیەو گوندەكانی، لە سەرجەم قەزاكەدا 18 گەڕەك هەبووە كە ساڵی 1988 سەرجەمی وێران كرا، ئێستا تەنیا قەزای هەڵەبجە 37 گەڕەكە جگەلە قەزای سەیدسادق كە 17 گەڕەكە.

لە ساڵی 1988 لە هەڵەبجەدا تەنیا یەك باخی گشتی هەبووە، ئێستا 33 پارك لە قەزاكەدا دروستكراوە.

ئەمساڵ و لە یادی 26 ساڵەی كیمیاباران و وێرانكردنی هەڵەبجەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگا بوونی قەزاكەی دا، ئەمەش دوای ئەوەی قەزاكە ساڵی 1988 بە رێژەی 100% وێران كرابوو.

بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی، لە پەیامێكدا بۆ یادی 26 ساڵەی كیمیابارانی ئەو قەزایە،لە بارەی ئەو گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە دەڵێت: ئەم داستانەی هەڵەبجە: لە وێرانی و كارەساتەوە بەرەو پارێزگابوون، نمونەیەكی بچوك كراوەی داستانی گەورەی سەركەوتن و خۆراگری كوردە بەسەر كارەسات و ئاستەنگەكاندا و جێگەی ئۆمێدی گەورەیە بە داهاتوو.
Top