جینۆسایدی كورد و ناسنامەی نەتەوایەتی
هەروەها دەڵێ : جینۆساید، كە وەكو باوەڕو بەرنامە ئەوە رێوشوێنی توندوتیژییە، مەبەستێكە بۆ لەناوبردنی كۆمەڵێك بە ئەنجامدانی تاوانی جیا جیا لەسەر بنچینەی نەتەوەیی، رەگەزیی، نەژادیی یان ئایینی، هەندێ لەو جینۆسایدانەی روویان داوەو كاریگەری زۆریان لەسەر كۆمەڵێك هەبووە و ئەنجامەكانی تاوانەكە وا شكاوەتەوە كە هەستی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و كاریگەری هاوبەش و كەلتوورێكی تایبەتی هاوبەشی بۆ ئەو كۆمەڵە دروست كردووە و بۆتە بنەمایەكی ناسنامەی ئەو كۆمەڵە لە پاڵ بنەماكانی ترو بۆ ئینتیمای تاكەكانی ئەو كۆمەڵە گرنگ دەبێت، هەروەها ئەو گەلانەی جینۆسایدی زۆر و جۆراوجۆریان بەسەردا هاتووە، ئەوە هەم تێكڕا ئینتیمای گشتی پەیدا دەكەن و هەم تایبەت، جینۆسایدی كورد یان گەلی كوردستان تا ئەندازەیەك بۆتە سەرچاوەی بنەمایەكی نەتەوەیی بۆ كورد یان نیشتمانی بۆ كوردستانیان، بەڵام جینۆسایدە جیا جیاكانیش لەكات و شوێن و بەشێوەی جیا جۆرە ئینتیما و هەستێكی تایبەتی ناوچەیی یان پێكهاتەیی دروست كردووە.
لە درێژەی بابەتەكەدا ئارام ئەحمەد گوتی: ناساندنە نێودەوڵەتیەكانی جینۆسایدی كورد لە چەندین وڵاتی دەرەوە، هەستی زۆرێك لە كورد لە پێوەندی و تێكەڵبوون لەگەڵ تاك و ئۆرگانەكانی ژیانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین یا ئەوانەی ئێستا پێوەندی سیاسی یان ئابوورییان لەگەڵ كوردستان دروست بووە یان سەردانی كوردستان دەكەن یان بنكەیان هەیە، كە ئەمانەش ویستێكی دەربڕین و خۆناساندنە بەباسی بەسەرهاتەكانی چەوسانەوەی كوردو ئەو جینۆسایدو تاوانانەی كە داگیركاران بەسەری داهێناوە و هەوڵێكە بۆ راكێشانی هاوسۆزی و پشتیوانی، لایەنەكانی دەرەوەش دركیان بەو سایكۆلۆژییەتەی كورد كردوە بۆیە هەندێكیان لە پێوەندییەكانیاندا بەگوێگرتن یا بە بەشداریكردن لە یادەكاندا بێت یان بەسەردانی مۆنۆمێنتەكان بێت ئەوە پێیانەوە دیارە كە وەك ئامڕازێك بۆ پێوەندی بەستن یا گەشەپێدانی پێوەندییەكان باس و پرسی جینۆسایدی كورد بەهەند وەردەگرن، كوردیش كە لەسەردەمەكانی پێشوو نكۆڵی لە ماف و ئازادی و جینۆسایدەكانیشی كراوە، هەر بۆیە ئەو ئاوڕدانەوە دەرەكییەو چالاكی و بڕیارەكانی ناساندنی لە رووی نێودەوڵەتییەوە لای بۆتە فاكتەرێكی بزووێنەری هەستی نەتەوەیی و، ئێستا داخوازە پرۆژەی فراوانتری ناساندنی جینۆسایدەكانی هەبێت.
درێژەی بابەتەكە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(968)دا بخوێنەوە.
