ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوە

 ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوە
بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە شاندێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە. ئەجێندای سەرەكی كۆبوونەوەكەش پەلەكردنە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بارزانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت رۆژی شەممە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كۆدەبێتەوە .

ماڵپەری مەڵبەندی یەكی یەكێتیش لە زاری عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەچنە پیرمام و لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوە.

فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، كە لە كۆبوونەوەكەیاندا مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەوە هاوڕابوون، كە پێویستە هەموو كۆسپێك لە پڕۆسەكەدا لابدرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەی دانوستاندنی نێوان لایەنەكان ئەنجامی لێبكەوێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە نزیكەی 5 مانگە هەڵبژاردن كراوەو هێشتا حكومەت پێكنەهێنراوە.











رووداو







Top