لێدوانی رەشید تاهیر سەبارەت بە دواكەوتنی مووچە

 لێدوانی رەشید تاهیر سەبارەت بە دواكەوتنی مووچە
رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكارییەكانی بودجەی هەرێمی كوردستان و كێشەی دواكەوتنی مووچەی بۆ راگەیاندنەكان خستەڕوو.

بریكاری وەزارەتی دارایی هۆكاری كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق گەڕاندەوەو گوتی "15-1 مووچەی مانگی یەكیان بۆ ناردووین كە ئەوە هۆكاری دواكەوتنەكەیە".

رەشید تاهیر روونیكردەوە كە دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان لە 1ی مانگەوە بە پێدانی مووچەی خانەنشینان و وارسی شەهیدان دەستپێدەكات "بەڵام كە بەغدا دوایخست خشتكەمان لێتێكچوو".

گوتیشی "تاوەكو ئێستا بەغدا مووچەی مانگی 2ی بۆ نەناردووین".

رەشید تاهیر رایگەیاند كە لە ئێستادا حكومەتی ناوەند خۆی بێ پارەیە. روونیكردەوە كە پارەكانی بەغدا لە بانكی DFI ئەمریكی دانراوە‌و پێویستە بە بەردەوام 10 ملیار دۆلاری تێدا بێت "بەڵام ئێستا بەغدا 4 ملیاری لێ راكێشاوەو 6 ملیاری تێدایە، بۆیە ئەوان دەڵێن دەبێ پڕی بكەنەوە ئینجا پارە دەدەینە بەغدا، ئەمەش وایكردووە بەغدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت و هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو حسابە بدات".

سەبارەت بەو زنجیرە مانگرتن و خۆپێشاندانانەی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی فەرمانبەران دەستیانپێكرد بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، رەشید تاهیر گوتی "پەنا بەخوا هەوڵدەدەین لەم هەفتەیە هەمووی چارەسەر بكەین".







رووداو
Top