لە سلێمانی ھەڵگرتنی چەک بەمۆڵەتیشەوە قەدەخه دهكرێت
لەمڕۆوه ھاتنی بارھەڵگر بۆ ناو شار قەدەخە دەکرێ
پۆلیس و ھاتوچۆی سلێمانی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمی پشووەکانی سەری ساڵ ڕادەگەیەنن و قەدەخەی ھەڵگرتنی چەک دەکەن بێ مۆڵەت و بەمۆڵەت.
پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامادەکارییەکانیان ڕاگەیاند بۆ بەڕێوەچوونی ئاھەنگەکانی سەری ساڵ و سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیس ڕایگەیاند لەسەر بڕیاری لیژنەی ئەمنی سەرجەم لایەنەکانی پۆلیس و ئاسایش و ھاتوچۆ خراونەتە ئامادەباشیەوە بۆ پاراستنی ناو شار، بەتایبەتی شوێنە گەشتیارییەکان و ئەو شەقام و شوێنانەی مەراسیم و ئاھەنگیان تێدا ئەنجام دەدرێت\'.
ڕاشیگەیاند لە ھەموو گەڕەکەکانی سلێمانیدا مەفرەزەی ھاوبەش بڵاودەبنەوە.
ھاوکات مەریوان محەمەد گوتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند لەمڕۆ سێشەممەوە ھاتنی ھەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر بۆ ناو شاری سلێمانی قەدەخە دەکرێت، لە ھەمان کاتدا شاڕێی سالم دەگیرێت و ھاتنی ئۆتۆمبیل بۆ ئەو شەقامە قەدەخە دەکرێت، چونکە ئاھەنگەکان بەچڕی لەوێ بەڕێوە دەچن.
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی ھەڵگرتنی چەک لەو دوو ڕۆژە پشووەدا بەھەموو شێوەیەک قەدەخەیە، بەو کەسانەشەوە کە مۆڵەتی چەکیان ھەیە.
باسنیوز
