رەشنووسی دەستوری رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی ئەرێنی لێدەکەوێتەوە
رەشنووسی دەستوری هەرێمی رۆژئاوای کوردستان- سوریا کاردانەوەی ئەرێنی لێدەکەوێتەوە و بەتایبەتیش لەلایەن لاوانەوە پشتیوانی لێ دهكرێت.
دەزگای یاسای کوردی ئەوروپی بۆ توێژینەوە و راوێژکاریه یاساییەکان رەشنووسی دەستوری هەرێمی رۆژئاوای کوردستان- سوریای خستەڕوو کە چەند یاساناسێکی کوردی پسپۆڕ ئامادەیان کردبوو.
لە داڕشتنی رەشنووسەکەدا پشت بە دەستوری چەند وڵاتێکی فیدراڵی وەکو (کەنەدا و بەلژیکا) بەستراوە، هەروەها پرۆژەیاسای هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەهەند وەرگیراوە.
گیان بەدرخان پسپۆڕی یاسایی لە زانکۆی بۆن و بەشدار لە دانانی رەشنووسەکە دەڵێ ’گرنگترین خاڵ لە رەشنووسەکە جەختی لەسەر کرابێتهوه مەسەلەی مافی مرۆڤە، کە بەگوێرەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان تەئکید لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکاتەوە’.
گیان کە بۆ ئێزگهی (العراق الحر) دەدوا، گوتی ’بڕیاردان لەسەر یاساییبوونی دەستورەکە پاش دەنگدان لەسەری پەیوەندی بە هاووڵاتیانی سوریاوە هەیە، هۆکاری زوو ئامادەکردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆشایی دەستوری یاخود یاسایی دروست نەبێت’.
بەدرخان ئاماژەی بە کاردانەوە ئەرێنییەکانی پڕۆژە یاساکە کرد لە گۆڕەپانی کوردی بە تایبەت لاوان کە مەسەلەکانی مافی مرۆڤ لە ئێسته و داهاتوودا پەیوەندی راستەوخۆی لەسەر چارەنووس و ژیانیان هەیە.
گوتیشی ’دەزگای یاسا کار بۆ داڕشتنی چەند یاسایەکی دیکە لە بوارەکانی تری ژیان دەکاتەوە لە ساڵی 2104دا لەپێناو بەرزکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی تر’.
باسنیوز
