کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی کاژێر 4ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت

 کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی کاژێر 4ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کاژێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25.12.2013 بەڕێوەدەچێت.

شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا ، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ، بودجەی 2014 و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو شاندەی حكومەت بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەت ، د.عەلی سندی وەزیری پلاندانان ،سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەت و چەند بەڕێوەبەرێك لە وەزارەتی دارایی.

هەر بەپێی ئەو سەرچاوانەی رووداو ، كارنامەی كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت لە بەغدا بەڕێوەدەچێت ، پێكدێت لە گفتوگۆكردن لەسەر باری ئەمنیی كەركووك و كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەپێی دەستووری عێراق ، هەروەها رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت وغازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، لە رێگەی هێڵی نەوتیی هەرێمی كوردستان – توركیاوە ، كە 50%ی بە نرخێكی هەرزانتر بۆ توركیا دەبێت و 50%یشی بۆ بازاڕەكانی جیهان دەبێت.












رووداو
Top