لە سەعدییە رۆژانە دە خێزانی کورد کۆچ دەکەن و تورکمانەکانیشی گرتۆتەوە
بەرێوەبەری شارەدێی سەعدییە \"ئەحمەد سامر زەرگوشی\"" بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بەھۆی خراپتر بوونی رەوشی ئەمنی ناوچەکە و بەتایبەتی تەقینەوە و کردەوە تیرۆرستییەکانی ئەم دواییە، کۆچی بە لێشاوی خێزانە کوردەکان بۆ شارۆچکەی خانەقین و ناوچەکانی گەرمیان دەستی پێکردۆتەوە و رۆژانە بە بەردەوامی نزیکەی ١٠خێزانی کورد لە ناوچەکە کۆچ دەکەن و زێدی خۆیان بەجێدەھێڵن.
ئەحمەد زەرگووشی ئاماژەشی دا، بەپێی ئامارەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠خێزان کۆچیان کردووە و ھەروەھا بەپێی ئامارە گشتییەکانیش لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە ١٥٠٠خێزان لە سەعدییە کۆچیان کردووە کە ١٣٠٠خێزانیان کوردن و ٢٠٠خێزانەکەی دیکەش عەرەب و تورکمانی شیعەن.
بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە روونی کردەوه، ھەر بەھۆی ھەڕەشەی تیرۆریستان و کردەوە تیرۆیستییەکان لە دژیان، لە ئێستادا لە پاڵ خێزانە کوردەکان، تورکمانە شیعەکانی ناوچەکەش کۆچ دەکەن.
لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا لە سنووری شارەدێی سەعدییە چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدراون کە دیارترینیان تەقاندنەوەی خۆکوژێک بوو لەناو بەشداربووانی مەراسیمی عاشورا کە بەھۆیەوە نزیکەی ٨٠ھاوڵاتی کوژران و برنیداربوون و زۆربەشیان کورد بوون، ھاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا تیرۆریستان خانووی ھاوڵاتییەک تورکمانیان تەقاندەوە و بەھۆیەوە تەواوی ئەندامانی خێزانەکە کە پێنج کەس بوون، کوژران.
PNA"
