دووزخورماتوو؛ لەسەر قەبران تەقینەوەیەکی دیکە رووی دا و ھاوڵاتییەک کوژرا
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە شارۆچکەی دووزخورماتوو لە بەردەم ماڵی کەسایەتییەکی ناوچەکە بۆمبێکی چێندراو تەقێندرایەوە و بەھۆیەوە دوو ھاوڵاتی کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، ھەر ھەمان شەو لە کاتی ناشتنی تەرمی یەکێک لە کوژراوەکانی ئەو تەقینەوەیە، تیرۆریستان بۆمبێکی چێندراوی دیکەیان لەناو ھاوڵاتیانی ئامادەبووانی مەراسیمی ناشتنەکە تەقاندەوە و بەھۆیەوە سێ ھاوڵاتی کوژران و ھەروەھا ٢٠کەسی دیکەش برینداربوون.
لەمبارەیەوە وتەبێژی لیوای ١٦ نەقیب \"رێکەوت محەممەد\"" بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە شارۆچکەی دووزخورماتوودا بەھۆی دوو تەقینەوەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی کوژران و برینداربوون، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و لە کاتێکیشدا لە گۆڕستانی گوندی یەنگیجای، خزم و کەسوکارەکەی سەرقاڵی بەخاک سپاردنی تەرمەکەی بوون، بۆمبێکی چێندراو کە لەناو عەلاگەیەکی رەش بووە، تەقییەوە و بەھۆیەوە ھاوڵاتیەکی دیکەش کوژرا.
نەقیب رێکەوت ئاماژەشی دا، بەھۆی تەقنیەوەکەوە ھاوڵاتیان لەترسی ھەبوونی بۆمبی دیکە لەسەر گۆڕستانەکە بڵاوەیان کردووە و ھێزە ئەمنییەکانیش گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامە."
