مه‌سروور بارزانى: هه‌رێمى كوردستان له سه‌ر رێڕه‌وێكى راست به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت ده‌ڕوات
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به ته‌قینه‌وه خۆكوژیه‌كى شارى هه‌ولێر گووتى: تیرۆریستان هه‌ندێ له ئاسانكاریه‌كانیان كه بۆ هاووڵاتیان كرابوو، قۆسته‌وه، و ئه‌مه‌ش له كاتێك دا كه دواى زیاتر له شه‌ش ساڵ تیرۆریستان نه‌یانتوانیوه هیچ كرده‌وه‌یه‌ك له هه‌رێم دا ئه‌نجام بده‌ن و گووتیشى كه لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و هێرشه به‌رده‌وامن، و راشیگه‌یاند كه له ماوه‌ى ساڵانى رابردوو، دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌وپه‌رى جددیه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ر زانیاریه‌كى ئه‌منیدا، كردووه و هاوكات زۆربه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ش كه كراونه‌ته سه‌ر هه‌رێم، سه‌رچاوه‌كه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه بووه.
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان گووتیشى كه هێرشبه‌ره‌كان، له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووى په‌رچه‌كردارێكى به هێز بوونه‌وه و تیرۆریستان نه‌یانتوانى ئامانجه‌كانیان بپێكن و سه‌رجه‌مى ئه‌ندامانى ئه‌و گروپه‌ى كه هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامدا،كه ژماره‌یان شه‌ش كه‌س بوو، كوژران.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیمانه‌كه‌دا، مه‌سروور بارزانى ئاماژه‌ى به ره‌وشى خراپى سووریا كرد و له‌و روه‌شه‌وه رایگه‌یاند كه دۆخى خراپى سووریا كاریگه‌رى له سه‌ر هه‌رێم هه‌بووه و بۆیه ئومێده‌وارین ته‌نگژه‌كه چاره‌سه‌رێكى بۆ بدۆزرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه تیرۆریستان هاوكاریكردنى هه‌رێمى بۆ كوردانى رۆژئاواى كوردستانیان كردۆته پاساو، مه‌سروور بارزانى گووتى كه ئه‌و پاساوه‌ى تیرۆریستان بۆ كردنه ئامانجى هه‌رێم، پاساوێكى لاوازه, تیرۆریستان له عێراق ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق له سوونه و شیعه كردۆته ئامانج.
له لایه‌كى دیكه‌وه له وه‌ڵامى پرسیارێك دا سه‌باره‌ت به‌و سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه‌ى كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانیه‌كه‌ى بیست و یه‌كى ئه‌یلول وه‌ده‌ستى هێنا، مه‌سروور بارزانى راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، حزبێكى ره‌سه‌نه و مێژوو و خه‌باتێكى قووڵ و دوور و درێژى هه‌یه و هاوكات گووتیشى كه ئاماده‌ى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانیش، بۆ پشتگیریكردنى حزبه‌كه، رۆڵى خۆى هه‌بووه.
هه‌ر له درێژه‌ى دیمانه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به ره‌وشى دیموكراسیى و ئازادیه كه‌سیه‌كان، مه‌سروور بارزانى رایگه‌یاند: هه‌رێمى كوردستان له سه‌ر رێڕه‌وێكى راست ده‌ڕوات به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت و روونیشیكرده‌وه كه له هه‌رێمى كوردستان، هیچ ده‌ستگیركراوێكى سیاسى نیه.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، مه‌سروور بارزانى رایگه‌یاند، كه كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كێشه‌ى شه‌خسى نین و به‌ڵكو كێشه‌ى هه‌ڵواسراون و په‌یوه‌ندیان به جێبه‌جێكردنى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى وڵاته‌وه هه‌یه.
ده‌رباره‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له عێراقدا، كه ئێستا مشتومڕێكى زۆرى له نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كانى عێراقى له سه‌ره، مه‌سروور بارزانى رایگه‌یاند كه بێ ویژدانیه‌كى زۆر له‌و یاسایه‌ى ئێستاى هه‌ڵبژاردن هه‌یه و چونكه ناكرێت، كه‌سێك له كوردستان به چل هه‌زار ده‌نگ ببێت به په‌رله‌مانتار و له به‌غداش به ده هه‌زار، ئه‌مه‌ش له كاتێك دایه كه زیاتر له دوو ملیۆن ده‌نگده‌ر له هه‌رێمى كوردستان دا هه‌یه و بۆیه پێمان باشه یاساى هه‌ڵبژاردن له عێراق دا یه‌ك بازنه‌یى بێت.
ده‌رباره‌ى جێبه‌جێكردنى مادده‌ى سه‌د و چلیش له لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقیه‌وه مه‌سروور بارزانى رایگه‌یاند: كه به داخه‌وه تاوه‌كو ئێستا مادده‌كه جێبه‌جێنه‌كراوه و بۆیه داواكارین حكوومه‌تى عێراقى نیازپاكى زیاتر، له‌و باره‌وه نیشان بدات و مادده‌ى سه‌د و چل جێبه‌جێبكات.
ده‌رباره‌ى ره‌وشى توركیا و به‌ڕێوه‌چووى پرۆسه‌ى ئاشتى له نێوان پارتى كرێكارانى كوردستان و حكوومه‌تى توركیا، راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند: كه هه‌رێم پشتگیرى پرۆسه‌ى ئاشتى نێوان ده‌وڵه‌تى توركیا و پارتى كرێكارانى كوردستان په‌كه‌كه ده‌كات و روونتریشیكرده‌وه كه هه‌رێم هه‌میشه پشتگیرى پرۆسه‌ى ئاشتى كردووه.
سه‌باره‌ت به دۆخى ئاواره‌كانى سووریاش، مه‌سروور بارزانى رایگه‌یاند: كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پشتگیریه‌كى زۆرى ئاواره‌كانى كردووه و له ئێستاشدا، دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار په‌نابه‌ر له كوردستان دا هه‌ن و له خێوه‌تگاكان نیشته‌جێكراون و له‌وه رووه‌شه‌وه مه‌سروور بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى له هاوكاریه‌كردنیابۆ په‌نابه‌ران له ئاستى پێویستدا نه‌بووه و رێكخراو ئاژانسه‌كان، پشتیوانى گه‌وره‌یان نه‌كردووین و روونیشیكرده‌وه كه رێوشوێنه ئه‌منیه‌كان له خێوه‌تگاكان زۆرباشن و له رووى ئه‌منیه‌وه كێشه له نێو خێوه‌تگاكان دا نیه.
