دانیمارك بەشداری لە پرۆسەی پەرەپێدان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستاندا دەكات

دانیمارك بەشداری لە پرۆسەی پەرەپێدان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستاندا دەكات
10ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەری بەرپرسی فەرمانگە پێشوازی كرد لە گێرت ماینێك باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق و دارا جەلیل خەیات كونسوڵی فەخری دانیمارك لە هەولێر.

لەسەرەتای دیدارەكەدا گێرت ماینێك باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردو بە پرۆسەیەكی دیموكراسی گرینگ وەسفی كرد. دواتر بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی تێڕوانیەنەكانی باڵیۆزی لەوبارەیەوە كردو هاوكات تیشكی خستە سەر ئەو رێڕەوە دیموكراسیەی كە حكومەتی هەرێم گرتویەتیە بەر بۆ پەرەپێدانی ژیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و بەشداری كردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا. كە ئەمەش مایەی خۆشحاڵی شاندی میوان بوو.

فەلاح مستەفا تیشكی خستەسەر رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و كاریگەریان لەسەر دۆخی بازارو ئابووری هەرێمی كوردستان. هەروەها ئاماژەی بەو یارمەتی و هاوكاریانە كرد كە حكومەتی هەرێم و هاوڵاتیان لەڕووی شوێنی حەوانەوەو خواردن و تەندروستی و خوێندنەوە پێشكەشی لێقەوماوانی سوریای كردووە. بەرپرسی پەیوەندیەكان وێڕای سوپاسی بۆ ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەو پڕۆژانەی كە بەنیازن بۆ ئەو ئاوارانە ئەنجامی بدەن، بە گرینگی زانی كە ئەو ئاژانسانەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوی خێرا بهاوێژن بۆ هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە، چونكە لە ئێستا كەشوهەوا بەرەو سەرما دەچێت و ژمارەیەكی زۆریشیان پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتی تایبەت هەیە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی دانمارك وێڕای خۆشحاڵی بە پێشكەش كردنی ئەو خزمەتگوزاریانە، سوپاس و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێم كرد بۆ كردنەوەی دەرگا بەڕووی ئەو خەڵكەی كە بەهۆی ناسەقامگیری و دۆخی سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هاوكات ئاماژەی بە بڕیاری حكومەتی وڵاتەكەشی كرد بۆ بەشداری كردن لە هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە لەڕێگای ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق ئاماژەی بە ئاكامی سەردانەكەی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو پێشوازیە دەربڕی، هاوكات ئەنجامی دیدارو كۆبوونەوەكانیانی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بە گرینگ و سەركەوتوو وەسف كرد و رای گەیاند كە كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بەشدار دەبن لە پرۆسەی پەرەپێدان و پێشكەوتنەكانی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش نوسینگەیەكی بازرگانی لە هەرێم دەكەنەوە.

لای خۆشیەوە فەلاح مستەفا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداری كردنی كۆمپانیاكانی دانیمارك لە پرۆسەی پەرەپێدانی هەرێم دەربڕی و بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بە ئامادەیی دامەزراوەكانی حكومەت بۆ پێشوازی كردن لە خەڵك و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە. لەهەمان كاتدا بە پێویست و گرینگیان زانی كەوا حكومەتی دانیمارك بڕیاری ئەوە بدات كەوا ئاستی نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە، كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی دیكە بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا لەڕووی سیاسی و ئابووری و كەلتوری.
Top