سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو دەكات

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو دەكات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـى10ـى2013، لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاشد ئەلمەنسووری كونسوڵی گشتیی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو لە هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كونسۆڵی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو سڵاوی شێخ خەلیفە بن زایدی سەرۆكی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتووی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و زۆر سپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە. هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. جەختیشی کردەوە کە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو پەرەی زیاتر بستێنێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سپاسی كونسوڵی گشتیی میرنشینی عەرەبیی یەكگرتووی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو نیشان دا و هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە توندوتۆڵتر بن.
Top