سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق کرد
9ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازی لە بەڕێز بڕۆنۆ ساکۆمانی باڵیوزی نوێی کەنەدا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی نوێی کەنەدا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی کە وڵاتەکەی ئەو دەرفەتەی پێداوە لە عێراق و ئوردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کار بکات. سەرسامیی خۆیشی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەو دیمەنەی لێرە دەیبینم زۆر جیاوازە لەوەی پێشتر بیستبووم، ئێوە لە ناوچەیەکدان کە بە کێشە و ناسەقامگیریی دەورە دراون بەڵام توانیوتانە سەقامگیری و ئارامی بۆ خەڵکەکەتان دەستەبەر بکەن، ئەمەش دەستکەوتێکی گرینگە. هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی نوێی کەنەدا دڵگرانیی خۆیشی بە کردەوە تیرۆریستییەکەی مانگی ڕابردووی هەولێر دەربڕی و ڕایگەیاند: زۆر بەو ڕووداوە دڵگران بووین، دەزانین تیرۆر هەڕەشەیەکی جیدییە و تەنانەت کەنەدایش لەژێر هەڕەشەی تیرۆردایە، بەڵام دەزانین بەهۆی هەڵکەوتەی هەرێمەکەتانەوە هەمیشە هەوڵی تێکدەرانە هەبوونە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوویشدا زۆر هەوڵی تیرۆریستییان پوچەڵ کردۆتەوە و ئەوەیش نیشانەی کاری زۆر و شارەزایی و توانای ئەو دەزگایانەیە، خۆشبەختانەش بیستمان پلانداڕێژەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە دەستگیر کراون و پیرۆزباییتان لێ دەکەین. هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک دەربڕی.

باڵیۆزی نوێی کەنەدا ڕاشیگەیاند کە دوای هاتنم بۆ ئێرە هەست دەکەم وڵاتەکەم بەجێ ماوە و دەبێ بە گوڕوتینەوە کار بکەین تا بگەینە ئەو وڵاتانەی لەپێش ئێمەوە هاتوونەتە ئێرە، بۆیە بۆ شەش مانگی داهاتوو پلانێکی کارکردنمان هەیە و هەوڵ دەدەین درەنگ هاتنمان قەرەبوو بکەینەوە و لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین، لەوانەش هاندانی بەشی پەرەپێدان کە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە عێراق ڕۆیشتوون و پلانمان هەیە لەمانگی داهاتوو بیانگەڕێنینەوە بۆ عێراق تا دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.

ڕاشیگەیاند: زانکۆکانی کەنەدا لە وڵاتی ئوردن زۆر چالاکن، بەمزووانە لەگەڵ نوێنەرانی زانکۆکانمان قسە دەکەم و هانیان دەدەین بێن لێرەش قوتابی وەربگرن. هەروەها گووتی: ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەم لە عێراق کار دەکەن و سەرکەوتووش بوونە، بۆیە هانی زۆرترین ژمارەی کۆمپانیاکانی کەنەدا دەدەم وەک هاوکارەکانیان بێن لێرە کار بکەن.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و کەنەدا لە بوارە جۆراوجۆرەكان نیشان دا. سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنییش ڕایگەیاند کە لە شاش ساڵی رابردوودا دەیان هەوڵی تیرۆریستان پوچەڵ کراوەتەوە، ئێمە متمانەی تەواومان بە توانا و شارەزایی دەزگە ئەمنییەکانمان هەیە، هەروەها بڕوای تەواویشمان بەگەلەکەمان هەیە و دەزانین هەرگیز تیرۆریستان ناتوانن دزە بکەنە ناو خەڵکی ئێمە، خەڵک هاوکار و پشتیوانی دەزگە ئەمنییەکانن، هەربۆیە هەمیشە لەماوەیەکی کەمدا تاوانباران دۆزراونەتەوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر.
Top